ترەمپ دەستەوەستانە و دیموکراتەکان بە داخستنی حکومەت تۆڵەی لێ دەکەنەوە
بڵند
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە دووپاتی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە رەسمی درێژترین داخستنی حکومەتی لە مێژووی وڵاتەکەیدا بەخۆیەوە دەبینێت و ناوبراو دیموکراتەکانیشی بە هۆکاری داخستنەکە زانی.
سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی دیدارێکی لەگەڵ سیناتۆرە کۆمارییەکان رایگەیاند، داخستنی حکومەت هۆکارێکی نەرێنی سەرەکی بوو بۆ کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی دوێنێدا و دەبێت کۆتایی بە داخستنی حکومەت بهێنین.
سەرۆکی ئەمریکا وتوشیەتی؛ سیستەمی دەنگدانیان کەموکوڕی زۆری هەیە، کار بۆ گۆڕینی دەکەن و دیموکراتەکان خۆکوژانە مامەڵە دەکەن و وڵاتەکەیان لەناودەبەن.
ترەمپ جەختیشیکردوەتەوە ئەوەی دیموکراتەکان دەیانەوێت بەدەستی ناهێنن، هۆشداریشیدا لەوەی داخستنی حکومەت کاریگەری لەسەر چەند کەرتێک هەیە، لەوانەش بازاڕی بۆرسە و هێڵی ئاسمانی، جەختیشیکردەوە، "دەبێت بە هەر رێگەیەکی پێویست کۆتایی بە داخستنی حکومەت بهێنن".
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتیكدایە بە هۆی ناکۆکی نێوان هەردوو حزبی گەورەی ئەمریکا دیموکراتەکان و کۆمارییەکان، حکومەتی ئەمریکا زیاتر لە مانگێکە داخراوە و ئەم داخستنەش لە مێژوی وڵاتەکەدا درێژترین داخستنە و تا ئێستاش دیار نییە کەی ئەم داخستنە کۆتایی دێت



