ترەمپ:ئەگەر حەماس دەستبەرداربونی دەسەڵات ڕەتبکاتەوە بە تەواوەتی لەناویان دەبەم
بڵند
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوێند دەخوات ئەگەر حەماس رەتیبکاتەوە دەستبەرداری دەسەڵات و رادەستکردنی کۆنترۆڵی کەرتی غەززە ببێت؛"بەتەواوی لەناویان دەبات"، جەختیشیکردوەتەوە وەک ئەو پلانەی دایناوە ئامانجیەتی کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت
سەرۆکی ئەمەریکا قسەی بۆ سی ئێن ئێنی ئەمەریکی کردوە و رایگەیاندوە، بەم زوانە دەزانێت حەماس جدییە لە جیبەجێکردنی پلانەکەیدا یاخود نا
هەروەها هۆشداریشی دایە حەماس کە ئەگەر پابەندی رادەستکردنی چەکەکانیان نەبن و بڕیار مانەوە بدەن لە غەززەدا وەک دەسەڵاتدار، ئەوا بە تەواوەتی لەناویان دەبەن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاگربەستەکە ڕازییە و پشتیوانی لە دیدگای فراوانتری ئەمریکا دەکات، ترەمپ وتویەتی؛ بەڵی ئەو رازیە بە پلانەکە و ئامادەیە ئۆپراسیۆنەکانیان لە غەززە رابگرێت.
پێشتریش بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند بوو، رێگە بە دەسەڵاتی فەلەستین نادەن کە کەرتی غەززە کۆنتڕۆڵ بکات، میدیا ئیسرائیلییەکانیش لە زاری نەتانیاهۆ رایانگەیاندوە؛ هیچ نوێنەرێکی حەماس و دەسەڵاتی فەلەستین نابنە بەشێک لە ئیدارەی داهاتووی غەززە.
ئەمە لە کاتیكدایە بڕیار وایە سبەینی لە میسر، حەماس و ئیسرائیل بە نیوەندگیری ئەمەریکا و میسر کۆببنەوە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن و کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە.



