ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، پێشوازی لە پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کرد بۆ ئاشتی، کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە جەنگەکەی غەززە کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە. ڤۆن دێر لاین جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە رێگای گونجاوە بۆ ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمیشەیی.

چارەسەری دوو دەوڵەتی و پێشنیازی ترامپ:

ڤۆن دێر لاین لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X" ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: "چارەسەری دوو دەوڵەتی هێشتا تاکە رێگای کارایە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل و فەلەستینییەکان."

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "هەموو لایەنەکان هان دەدات بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە"، و وتیشی، کە یەکێتی ئەوروپا بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لەم پڕۆسەیەدا.

کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان و هاوکاریی مرۆیی:

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا داوای کرد: "پێویستە کردەوە سەربازییەکان کۆتاییان پێ بێت لەگەڵ پێشکەشکردنی یارمەتیی مرۆیی دەستبەجێ بۆ دانیشتووانی غەززە، و ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو بارمتەکان."

پێشتر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئێوارەی دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندبوو کە ناتانیاهۆ رەزامەندیی لەسەر پلانێکی ئاشتی دەربڕیوە بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان.

ورەدەکاریی پلانی ترەمپ:

کۆشکی سپی بەندەکانی ئەم پلانەی بڵاوکردەوە کە لە 20 بەند پێکدێت، دیارترینیان ئەوەیە کە "کەرتی فەلەستینی چەکداماڵراو بێت، و لەلایەن لیژنەیەکی ئیدارییەوە بەڕێوەببرێت کە لە کەسایەتییەکانی فەلەستینیی تەکنۆکرات، لەگەڵ پسپۆڕانی نێودەوڵەتی پێکدێت، بەبێ هیچ رۆڵێک بۆ بزوتنەوەی حەماس."

هەروەها ئەم لیژنەیە لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی دەستەیەکی گواستنەوەی نێودەوڵەتیی نوێدا دەبێت کە ناوی "لیژنەی ئاشتی"یە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات، لەگەڵ ئەندامانی دیکە و سەرۆکی وڵاتان کە دواتر رادەگەیەنرێن، لەنێویاندا تونی بلێری سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا. ئەم دەستەیە چوارچێوەکە دادەنێت و سپۆنسەری دارایی بنیاتنانەوەی غەززە دەکات تا دەسەڵاتی فەلەستینی پڕۆگرامی چاکسازیی خۆی تەواو دەکات، وەک لە پێشنیازە جیاوازەکاندا رون کراوەتەوە، لەوانەش پلانی ئاشتیی ترامپ بۆ ساڵی 2020 و پێشنیازی سعوودی-فەڕەنسی، و تا بتوانێت بە شێوەیەکی ئارام و کارا کۆنترۆڵی غەززە بکاتەوە.