پاسەوانی سنوری عیراق هەوڵێكی بەقاچاغبردنی نزیكەی سەد هەزار حەبی كەپتاگۆنی پوچەڵكردەوە كە لەناو باڵۆندا شاردرابوونەوە.

فەرماندەیی هێزەكان پاسەوانی سنوری عیراق  بڵاویكردەوە، لە درێژەی هەوڵەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و رێگریكردن لە دزەكردنی مادەی هۆشبەر بۆ ناو عیراق، فەوجی یەكی لیوای شەشی سنوریی، توانی هەوڵێكی بەقاچاغبردنی بڕی 95 هەزار حەبی كەپتاگۆن پوچەڵ بكەنەوە كە لەناو باڵۆنی گەرمی هەواییەدا و لەناو 102 كیسەی نایلۆندا حەشاردرابوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا كیلۆیەك و 600 گرام لە جۆرێكی تری مادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە.

 راشیگەیاندوە، هێزەكانیان بەرەوامدەبن لە چاودێریكردنی ناوچە سنوریەكان بەئامانجی شكستپێهێنانی هەوڵەكانی تۆڕەكانی بەقاچاغبردنی مادە هۆشبەرەكان .