سەرۆکی کۆریای باشور رایگەیاند، کۆریای باکور نزیکە لە پەرەپێدانی موشەکێکی بالیستیی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و ئەو موشەکە دەتوانێت بگاتە ئەمریکا.

لی جای میونگ، سەرۆکی کۆریای باشور رایگەیاند، کۆریای باکوور لە قۆناغی کۆتاییدایە بۆ پەرەپێدانی موشەکێکی بالیستیی نێودەوڵەتی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و دەتوانێت بگاتە  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرەڕای ئەوەی هێشتا تەکنەلۆژیای گەڕانەوەی بۆ ناو بەرگەهەوا بە تەواوی پەرەپێنەداوە.

وتیشی، بەهۆی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بێت یان بەهۆی سیستمی حوکمڕانی خۆیانەوە، ئەوان بەردەوامن لە پەرەپێدانی موشەکە بالیستییە نێودەوڵەتییەکان کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمییان هەیە.

لی جای میونگ ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت هێشتا نەگەیشتبنە ئامانجی خۆیان، بەڵام ئەوان لە قۆناغی کۆتاییدان، تەنها ئەوەی کە پێی دەوترێت تەکنەلۆژیای گەڕانەوە بۆ ناو بەرگەهەوا ماوە، پێدەچێت ئەم بابەتەش بە زوویی چارەسەر بکرێت.

سەرۆکی کۆریای باشور جەختی لەوەشکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تاکە کەسە کە دەتوانێت ببێتە هاوتا بۆ دانوستان لەگەڵ کۆریای باکور، هاوکات ترەمپ لە مانگی ئابی رابردوودا رایگەیاندبوو، حەز دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا لەم ساڵدا، چاوی بە کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی کۆریای باکور بکەوێت.

لەلای خۆیەوە کیم جۆنگ ئون ئاشكرایکردووە، لەداهاتوودا وڵاتەکەی کراوەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ئەگەر واشنتۆن واز لە داواکارییەکەی بهێنێت سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی پیۆنگیانگ.

جێگەی ئاماژەیە، کۆریای باشور و هاوپەیمانەکانی لە رۆژئاوا شکستیان هێنا لە راگرتنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکور، کە پیۆنگیانگ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەرگیز وازی لێناهێنێت.

سەرۆکی کۆریای باشور مەزەندەی کردووە، دراوسێ باکورییەکەی ساڵانە مادەی پێویست بۆ "نزیکەی 15 بۆ 20 بۆمبی ئەتۆمیی زیادە" بەرهەم دەهێنێت.