کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، لە راگەیەنراوێکدا پێشوازیی گەرمی لەو رێککەوتنە کرد کە لە نێوان حکومەتی عیراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا بۆ کردنەوەی بۆریی نەوتی عیراق-تورکیا بەدەستهاتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا، کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا رایگەیاند: "پێشوازی دەکەین لە راگەیاندنەکەی حکومەتی عیراق بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ دووبارە کردنەوەی بۆریی نەوتی عیراق-تورکیا."

کونسوڵخانە ئاشکرای کرد کە "ئەم رێککەوتنە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئاسانکاریی بۆ کراوە و سوودی بەرجەستە بۆ هەردوو لایەنی ئەمریکی و عیراقی دەستەبەردەکات."

لە کۆتاییدا، راگەیەندراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووریی سوودمەند لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و عیراق، هاندەر دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی سەقامگیرتر بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە سەرتاسەری عیراق، و برەوپێدانی ئاسایشی وزە لە ناوچەکە و پتەوکردنی سەروەریی عیراق."