سەرۆک کۆمار لە نیویۆرک پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی سودان کرد و جەختی لە کۆتاییهێنان بە جەنگ کردەوە
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەراوێزی بەشدارییکردنی لە 80هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆک کۆمار د. لەتیف رەشید لە شوێنی مانەوەی خۆی لە نیویۆرک، پێشوازی لە دکتۆر کامل تەیب ئیدریس، سەرۆک وەزیرانی سودان کرد.
لە دیدارەکەدا، کە تێیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاریکاریی هاوبەشی نێوان عیراق و سودان تاوتوێ کران، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی سەقامگیری لە سودان و پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگ کردەوە و رایگەیاند کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلی سودان و بەدیهێنانی خواستیان بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.
هەروەها، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران و گرنگیی کاری هاوبەش و هەماهەنگی لەسەر پرسە جێبایەخەکان بۆ هێنانەدی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دووپاتکرایەوە.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک وەزیرانی سودان، دکتۆر کامل تەیب ئیدریس، خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عیراق و کردنەوەی ئاسۆی نوێی هاریکاری لە بوارە جیاجیاکاندا نیشاندا. هاوکات، هەڵوێستی پشتیوانیکارانەی عیراقی لەپێناو سەقامگیریی سوداندا بەرز نرخاند.
شایەنی باسە، لە کۆبوونەوەکەدا وەفدێکی باڵای عیراقی ئامادەبوون، لەنێویاندا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر عەلی شکری، سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی سەرۆکایەتی کۆمار، و دکتۆر خالید یەعقوبی، راوێژکاری سەرۆک وەزیران.
وێنەکان: