ئێران: ئامادەی هەموو سیناریۆیەکین و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەمان نابین
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لەکاتێکدا گرژییەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەردەوامە، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە جەخت لەسەر هەڵوێستی توندی خۆیان دەکەنەوە و رایدەگەیەنن کە ئامادەی روبەروبوونەوەی هەر ئەگەرێکن و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەیان نابن.
میدیا ئێرانییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە زاری سەرۆک کۆمار مەسعود پزیشکیانەوە بڵاویانکردەوە کە تاران بە تەواوی ئامادەیە بۆ روبەڕووبوونەوەی هەر سیناریۆ و بارودۆخێک. پزیشکیان، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرۆکی بۆلیڤیا کۆبووەتەوە، وتیشی: "ئەگەر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە بسەپێنرێنەوە، سیاسەتەکانی خۆمان دەگونجێنین،" بەڵام هیوای خواست کە سزاکان دووبارە نەسەپێنرێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە و لە مۆسکۆ، محەمەد ئیسلامی، جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، جەختی کردەوە کە تاران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت.
ئیسلامی لە میانی وتارێکیدا لە کۆڕبەندێکی وزەی ئەتۆمی لە مۆسکۆ رایگەیاند: "رێڕەوی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە تەواوی شەفافە و لێی لانادەین. ئێوە دەزانن کە ئێران توندترین پشکنینەکانی بەسەردا دەسەپێنرێت و بەرنامەکەمان کراوەیە بۆ چاودێریی نێودەوڵەتی."
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە روسیا، وەک هاوپەیمانێکی نزیکی ئێران، پشتگیریی مافی ئەو وڵاتە دەکات بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە و پێشتریش ئیدانەی ئەو هێرشانەی کردووە کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە کراونەتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
شایەنی باسە، حکومەتە رۆژئاواییەکان ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەدات، تۆمەتێک کە تاران بەردەوام رەتی دەکاتەوە.