لەمیانی دیدارێکی گرنگدا کە ئێستا لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کۆبووەتەوە و سەبارەت بە پرسی سوریا و سیاسەتی ئەمریکا قسەدەکات.

یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی قسەی ترەمپ، بەستنەوەی چارەنووسی سزاکانی سەر تورکیا بوو بە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆغان. ترەمپ بە رونی وتی: "پێشبینی دەکەم سزا سەپێنراوەکانی سەر تورکیا دەستبەجێ هەڵبگیرێن ئەگەر کۆبوونەوەکەمان باش بێت." 

سەرۆکی ئەمریکا دیدارەکەی لەگەڵ ئەردۆغاندا قۆستەوە بۆ ناردنی پەیام بۆ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا. ترەمپ رایگەیاند: "حەز دەکەم ئەردۆغان واز لە کڕینی نەوتی روسیا بهێنێت... پێویستە پوتین واز لە جەنگەکەی لە ئۆکراین بهێنێت. من لە پوتن نیگەرانم."

پێزانین بۆ ئەردۆغان و چاوەڕوانی 'راگەیەندراوێکی گەورە' لەسەر سوریا

ترەمپ ستایشی ئەردۆغانی کرد و وتی: "ئەردۆغان پیاوێکی بەڕێزە و سوپایەکی زەبەلاحی دروستکردووە و کەلوپەلی ئێمەش بەکاردەهێنێت." لە بەشێکی تری قسەکانیدا کە جێگەی سەرنج بوو، ترەمپ ئاماژەی بە رۆڵی ئەردۆغان لە سوریادا کرد و وتی: "پێموایە دەبێت قەرزاری سەرۆک ئەردۆغان بین لەوەی کە لە سەرۆکی پێشووی سوریای رزگاری کردین."

هەروەها وتی: "پێموایە دەبێت ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی گەورەمان هەبێت سەبارەت بە سوریا."

وتیشی: ئەردۆغان پێی وتم؛ سوریا داگیر دەکەم، وتم بیکە.

سەبارەت بە دۆخی فەڵەستین، ترەمپ ئاشکرای کرد: "کۆبوونەوەیەکی نایابم لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامداوە سەبارەت بە غەززە و پێموایە لە رێککەوتنێک نزیکین." هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە "پێویستە لەگەڵ ئیسرائیلییەکانیش کۆببمەوە و پێموایە ئەوان دەزانن من چیم دەوێت."

کۆبوونەوەکە هێشتا بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەعاتەکانی داهاتوودا زانیاریی زیاتر لەسەر ئەنجامەکانی بڵاوبکرێتەوە.