واشنتۆن پۆست: سەدان ژەنەراڵ بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بانگهێشت کران
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە هەنگاوێکی نائاسایی و پڕ لە نهێنیدا... وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەدان ژەنەراڵی لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بانگهێشت کردەوە
واشنتۆن پۆست: ئەم جووڵەیە نیگەرانی و ترسی لێکەوتووەتەوە و رەنگە ئەمریکا بەرەو جەنگ هەنگاو بنێت
لە هەنگاوێکی زۆر نائاساییدا کە بووەتە هۆی دروستبوونی شڵەژان و نیگەرانییەکی زۆر، پیت هیگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، فەرمانێکی دەرکردووە بۆ کۆکردنەوەی بەپەلەی سەدان ژەنەراڵ و ئەدمیراڵی سوپای ئەمریکا لە هەفتەی داهاتوودا لە بنکەیەکی مارێنز لە ویلایەتی ڤێرجینیا، بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی رەسمی بۆ کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکرێت.
ئەم فەرمانە چاوەڕواننەکراوە، کە ئاراستەی نزیکەی سەرجەم فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەمریکا لە سەرتاسەری جیهاندا کراوە، لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئەمریکا لەبەردەم مەترسیی داخراندایە و چەند مانگێکیش دێت دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ ژمارەیەک سەرکردەی باڵای سەربازیی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
شۆن پارنێڵ، وتەبێژی پێنتاگۆن، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکدا پشتڕاستی کردەوە کە هیگسێس "لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا وتارێک بۆ سەرکردە باڵا سەربازییەکانی پێشکەش دەکات"، بەڵام هیچ زانیارییەکی زیاتری لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نەدرکاند کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە کوانتیکۆ، ڤێرجینیا، بەڕێوەبچێت.
نیگەرانی و شڵەژان لەناو سوپادا:
بەپێی زانیارییەکانی واشنتۆن پۆست، نزیکەی 800 ژەنەراڵ و ئەدمیراڵ لە سەرانسەری ئەمریکا و دەیان وڵاتی دیکەدا بڵاوبوونەتەوە. فەرمانەکەی هیگسێس سەرجەم ئەفسەرە باڵاکان لە پلەی لیوا (brigadier general) و بەرزترەوە دەگرێتەوە کە لە پۆستی فەرماندەییدان، لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانیان.
فەرماندە باڵاکانی ناوچەکانی جەنگ و سەرکردە سەربازییەکانی جێگیرکراو لە ئەوروپا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی ئاسیا-پاسفیک لەنێو ئەو کەسانەدان کە چاوەڕوان دەکرێت ئامادەبن.
چەندین سەرچاوە کە قسەیان بۆ رۆژنامەکە کردووە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لە مێژوودا ڕووی نەداوە وەزیرێکی بەرگری بەم شێوەیە داوای کۆبوونەوەی هەموو ژەنەراڵەکان بکات و ئەمەش نیگەرانی ئەمنی دروست کردووە. یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت: "خەڵک زۆر نیگەرانە، هیچ کەس نازانێت مانای ئەمە چییە."
سەرچاوەیەکی تر رەخنەی توندی گرتووە و دەڵێت: "ناتوانیت هەموو فەرماندەکان لە ئەرکەکانیان لە سەرتاسەری جیهاندا بانگ بکەیت بۆ هۆڵێک لە دەرەوەی واشنتۆن، بەبێ ئەوەی پێیان بڵێیت هۆکار و ئەجێندای کۆبوونەوەکە چییە." بەرپرسێکی ئەمریکیش بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت: "ئایا ئێمە هەموو ژەنەراڵ و ئەفسەرێکی باڵا لە ناوچەی زەریای هێمن دەهێنینە دەرەوە؟ هەموو ئەمە شتێکی نامۆیە."
گۆڕانکارییە یەکلایەنەکانی هیگسێس:
ئەم فەرمانە لە کاتێکدایە کە هیگسێس لەم دواییانەدا چەندین گۆڕانکاریی گەورەی بە شێوەی تاکلایەنە لە پێنتاگۆن ئەنجامداوە، لەوانە:
-
بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی ئەفسەرانی پلە ژەنەراڵ بە رێژەی 20%.
-
دوورخستنەوەی چەندین سەرکردەی باڵا بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار.
-
دەرکردنی فەرمانێکی پرۆپاگەندەیی بۆ گۆڕینی ناوی "وەزارەتی بەرگری" (Department of Defense) بۆ "وەزارەتی جەنگ" (Department of War).
هاوکات، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ خەریکی ئامادەکردنی ستراتیژییەکی نوێی بەرگریی نیشتمانین کە چاوەڕوان دەکرێت "بەرگری لە نیشتمان" (homeland defense) بکاتە ئەولەویەتی سەرەکیی وڵات، دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند ساڵێک چین وەک گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ناسێنرابوو.
لە مانگی ئابدا، هیگسێس ژەنەراڵ جێفری کروس (بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری)، ئەدمیراڵ نانسی لاکۆر (سەرۆکی هێزی یەدەگی دەریایی)، و ئەدمیراڵ میڵتن ساندز (فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هێزی دەریایی)ی لەکار دوورخستەوە بەبێ هیچ رونکردنەوەیەک. ئەمەش بەشێک بوو لە پاکتاوکردنێکی بەرفراوانتر کە لەوەتەی ئیدارەی ترەمپ دەستبەکاربووە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی گرتووەتەوە، لەنێویاندا سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش و فەرماندەی هێزەکانی دەریا و ئاسمان، کە ژمارەیەکی بەرچاویان ژن بوون.



