نەتەوە یەکگرتووەکان هۆکاری وەستانی لەناکاوی ئەو پلیکانە کارەباییەی ئاشکرا کرد کە دۆناڵد ترەمپ و میلانیا-ی هاوسەری لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ بارەگای کۆمەڵەی گشتی ویستیان بەکاری بهێنن و کاری نەکرد.

دوای لێکۆڵینەوەیەک کە یەک رۆژی خایاند، ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە یاداشتێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە وێنەگرێکی کۆشکی سپی بەرپرس بووە لەو روداوە.

دوجاریک رونیکردەوە: "پلیکانە کارەباییەکە وەستاوە دوای ئەوەی تایبەتمەندی سەلامەتیی پلیکانەکان کارا بووە، کە بۆ رێگریکردن لەوە دیزاین کراوە کەس یان شتومەک نەکێشێتە ناوەوە، یان لەنێوان پلیکانەکاندا گیری بکات." وتیشی: "پێدەچێت وێنەگرەکە بەبێ مەبەست ئەو تایبەتمەندییەی کارا کردبێت."

وەستانی قادرمەکە تاکە کێشە نەبوو کە لە کۆبوونەوەکانی خولی 80ی کۆمەڵەی گشتی روبەروی ترەمپ بووەوە، بەڵکو لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەشیدا ئامێری خوێندنەوەی ئۆتۆماتیکی (Teleprompter) لەکارکەوت.

ترەمپ لە وتارەکەیدا بە گاڵتەوە وتی: "دوو شت کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کردوون، پلیکانەیەکی کارەبایی خراپ و ئامێرێکی خوێندنەوەی لەکارکەوتوو بوون." دواتر لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسی، "رەنگە ئەم دوو روداوە وتارەکەیان سەرنجڕاکێشتر کردبێت."

لە بەرامبەردا، کارۆلین لێڤت، وتەبێژی کۆشکی سپی، داوای کرد ئەو کەسەی هۆکاری وەستانی پلیکانە کارەباییەکە بووە لە کارەکەی دووربخرێتەوە.