خوشکی کیم جۆنگ ئون هۆشداری دەداتە ئەمریکا و کۆریای باشور و ژاپۆن، کە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەشی ئەو سێ وڵاتە کاریگەری خراپی لێدەکەوێتەوە.

میدیاکانی کۆریای باکور بڵاویانکردەوە، کیم یۆ جۆنگ راوێژکاری سەرۆکی کۆریای باکور و خوشکی کیم جۆنگ ئون هۆشداریداوە لە مانۆڕی سەربازی هاوبەشی ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشور و دەڵێت: ئەو مانۆڕە سەربازییە کاردانەوەی نەرێنی لێدەکەوێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە سوپای کۆریای باکور ئاشکرایکردووە، وڵاتەکەی و ئەمریکا و ژاپۆن، ساڵانە مەشقی سەربازی هاوبەش بە ناوی "لێواری ئازادی" ئەنجامدەدەن، کە لە 15ـی ئەیلولەوە دەستپێدەکات بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی ئۆپراسیۆنی ئاسمانی و دەریایی و ئەلکترۆنی لەبەرانبەر هەڕەشە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکور.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکور لەزاری کیمەوە رایگەیاندووە، ئەنجامدانی ئەو مانۆڕە سەربازییە ئەوەیان بیردەخاتەوە کە نیشاندانی بێباکی هێزە لەلایەن ئەو سێ وڵاتەوە لە ناوچەیەکی هەڵە، کە بێ گومان کاردانەوەی نەرێنی دەبێت.

هاوکات میدیاکانی کۆریای باشور بڵاویانکردەوە، سیئۆل و واشنتۆنیش پلانیان هەیە لەم هەفتەیەدا مەشقی ئایرۆن مایس ئەنجام بدەن، ئەمەش ھاوشێوەکردنی توانا ئاسایی و ئەتۆمییە یەکگرتووەکانی ھەردوو وڵاتە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکور.

پیۆنگ یانگ بەردەوام رەخنەی لەم مەشقە هاوبەشانە گرتووە و وەک خۆئامادەکردنێک بۆ لەشکرکێشی سەیری دەکات و هەندێکجاریش بە تاقیکردنەوەی چەک وەڵامی داوەتەوە، سیئۆل و واشنتۆن پێیان وایە کە مانۆڕە سەربازییەکان تەنیا بۆ بەرگرییە.