زوبێر ئایدار لە کوردسات نیوز: دەبوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرایە و هاکان فیدان دژی ئاشتە
راهۆز
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە، لە بەرنامەی "رێی کوردستان"ی کوردسات نیوزدا چەند لێدوانێکی گرنگی دا و تێیدا رایگەیاند کە دەبوو تا ئێستا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ئازاد بکرایە و لە پەرلەمانی تورکیادا قسەی بکردایە.
هاوکات، زوبێر ئایدار رەخنەی توندی لە ناوی "تورکیای بێ تیرۆر" گرت و بە دژی خودی پڕۆسەی ئاشتی زانی، رونیشیکردەوە کە ئەم دەستەواژەیە زیان بە ئاشتی دەگەیەنێت.
ئایدار ئاماژەی بەوەشدا کە "کەسانێک لەناو دەوڵەتی تورکیادا هەن کە دەیانەوێت کێشەی کورد چارەسەر بێت و پڕۆسەکە سەرکەوتوو بێت."
زوبەیر ئایدار، وتیشی: تێکەڵبوونەوەی کورد لە دەوڵەتی تورکیادا بە واتای دەستبەرداربوون لە ماف و ناسنامەی کورد نییە
لەلایەکی دیکەوە، زوبێر ئایدار باسی لە لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و گوتی: "هاکان فیدان بە توندوتیژی قسە دەکات و لێدوانەکانی دژی کوردن." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "هەر ئەویشە ناهێڵێت حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەر (لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) بگەنە رێککەوتن."