جایر بۆڵسۆنارۆ، سەرۆکی پێشوی بەڕازیل، دوای ئەوەی بە تاوانی پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی کودەتایەکی سەربازی تاوانبار کرا، سزای 27 ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. ئەم بڕیارە کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و گرژیی خستە نێوان بەڕازیل و ئیدارەی ترەمپەوە.

دەستەیەکی پێکهاتوو لە پێنج دادوەری دادگای باڵای بەڕازیل، تەنها چەند کاتژمێرێک دوای تاوانبارکردنی جایر بۆڵسۆنارۆ، سزاکەیان بەسەریدا سەپاند. دادگا گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ناوبراو سەرکردایەتیی پیلانگێڕییەکی کردووە بە ئامانجی مانەوەی لە دەسەڵاتدا، دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022ی بە رکابەرە چەپڕەوەکەی، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، دۆڕاند.

چوار لە دادوەرەکان بە تاوانباریان زانی، لە کاتێکدا یەکێکیان دەنگی بە بێتاوانییەکەی دا. پارێزەرانی بۆڵسۆنارۆ سزاکەیان بە "زۆر شێتانە" وەسف کرد و رایانگەیاند کە "تانەی گونجاو" لە بڕیارەکە دەدەن. هەروەها دادگای باڵا تا ساڵی 2033مافی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی گشتی لێسەندەوە.

بۆڵسۆنارۆ، کە بەهۆی مەترسیی هەڵاتنیەوە لە ماڵەوەی خۆیدا زیندانی کراوە، ئامادەی قۆناغی کۆتایی دادگاییکردنەکە نەبوو. ئەو پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەم دادگاییکردنە بۆ ئەوە داڕێژراوە تا رێگری لێبکات لە خۆکاندیدکردنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2026 و بە "راوەدوونانی ساحیرەکان" ناویبردبوو.

کاردانەوەی ئیدارەی ترەمپ و وەڵامی بەڕازیل:

ئەم بڕیارە کاردانەوەی توندی لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە لێکەوتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە پێشتر باجی گومرگیی %50ی خستبووە سەر کاڵای بەڕازیلی وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە دادگاییکردنی بۆڵسۆنارۆ، سەبارەت بە بڕیارەکە وتی: "زۆر جێی سەرسوڕمانە" و بەراوردی کرد بە ئەزموونی خۆی و وتی: "زۆر لەوە دەچێت کە هەوڵیاندا لەگەڵ من بیکەن، بەڵام هیچ سەرکەوتوو نەبوون."

لە لایەکی دیکەوە، مارکۆ Rوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە دادگای باڵای بەڕازیل "بە نادادپەروەرانە بڕیاری زیندانیکردنی سەرۆکی پێشوو جایر بۆڵسۆنارۆی داوە" و هەڕەشەی کرد کە "بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەم راوەدوونانە دەدەنەوە."

وەزارەتی دەرەوەی بەڕازیل بە خێرایی وەڵامی دایەوە و لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئەو هەڕەشانەی ئەمڕۆ لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ روبیۆوە کرا، کە هێرش دەکاتە سەر دەسەڵاتێکی بەڕازیلی و راستییەکان و بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکان پشتگوێ دەخات، ناتوانن دیموکراسییەتەکەمان بترسێنن."