د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازی لە ژمارەیەک باڵیۆز و نوێنەری نوێنەرایەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی باوەڕپێکراو لە عیراق کرد و باسیان لە دوایین پێشهاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی کرد، هاوکات چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش و پەیوەندی دوولایەنە و ئیقلیمی تاوتوێکردا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 19-8-2025، لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە عیراق ئەزموونێکی نوێی هەڵبژاردنی لەپێشە، کە ئاماژەیە بۆ بنەمای چەسپاندنی پرەنسیپی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و ئاماژەیکرد بەوەی کە هەموو لایەک مەبەستیانە دڵنیابن کە ئەم پرۆسەیە بە بەرزترین ئاستی شەفافیەت و یەکڕیزی بەڕێوەبچێت، هەروەها بەرجەستەکردنی ویستی ئازادی گەلی عیراق و ویستیەتی بۆ ئایندەیەکی باشتر.
سەرۆک کۆمار روونیکردەوە کە عیراق پێشکەوتنی بەردەوامی بەدەست هێناوە بەرەو بوژانەوە، چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری کە پێشینەی کارەکانە، لەگەڵ گرنگیدان بە ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخان و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی وەبەرهێنان و رەخساندنی دەرفەتی کار، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان و هێنانەدی گەشەپێدانی بەردەوام کە لەگەڵ ویستی نەوەکانی داهاتوودا بگونجێت.
سەرۆک کۆمار روناکی خستە سەر پابەندبوونی عیراق بە فراوانکردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و پەرەپێدانی هاریکاری لە بوارە جۆراوجۆرەکانی گەشەپێدان.
سەرۆک کۆمار ڕوونیکردەوە کە سیاسەتی کراوەیی و هاوسەنگی عیراق لەسەر بنیاتنانی پردی گفتوگۆ و دیپلۆماسی کاریگەر و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندن بنیادنراوە، لە سەرانسەری رێڕەوی سیاسی و ئابووری و گەشەپێدان. ئەمەش گرژی و ئاڵۆزی کەمدەکاتەوە و پشتیوانی لە خۆشگوزەرانی گەلان دەکات و ویستیان بۆ ئایندەیەکی ئارام و خۆشگوزەران بەدیدێنێت.
سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لەسەر چەند مەسەلە و کاری لەپێشینە، لەوانەش پێشکەشکردنی چەند پرۆژەیاسایەکی راستەوخۆ پەیوەندیدار بە ژیانی عیراقییەکانەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ گفتوگۆ و پەسەندکردنی. سەبارەت بە هەڵوێستی عیراق لەبارەی یەکێک لە گرنگترین مەسەلە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی دەستدرێژیی بەردەوام بۆ سەر غەززە، سەرۆک کۆمار روونیکردەوە کە کارەساتی مرۆیی پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسلامی دەکات کە بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەر بە ئاگربەستی دەستبەجێ و زامنکردنی گەیاندنی یارمەتییەکان و پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە ئەستۆ بگرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە هەڵوێستی عیراق لە پاڵپشتیکردنی مافی چاره نووسی گەلی فەلەستین بەردەوامە، داوای لەکۆمەڵیی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی که ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕێتەوه و کۆتایی به ئازاری خەڵکی مەدەنی بهێنێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەهەوڵەکان کرد بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە لە تورکیا بەڕێوە دەچێت کە کۆتایی بەو ئاڵۆزییانە دەهێنێت کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە.