وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ، رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پرسی کتێبخانە و دەستنووسەکانی مامۆستا و نووسەری کۆچکردوو عەزیز گەردی بڵاوکردەوە، تیایدا جەختی لە هەوڵەکانی حکومەت کردەوە بۆ پاراستنی سامانی کولتووری ئەو نووسەرە گەورەیە.

بەپێی رونکردنەوەکە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە ساتی کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز گەردییەوە، هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ پاراستنی بەرهەمەکان و شایستەی ئەو بەخششە گەورەیە بێت کە مامۆستای کۆچکردوو ژیانی بۆ تەرخان کردبوو لە پێناو خزمەتکردنی وشە و کتێبخانەی کوردی.

وەزارەتی رۆشنبیری راشیگەیاند، نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ کڕینەوەی سەرجەم سامانی کولتووری مامۆستا و کردنەوەی کتێبخانە و مۆزەخانەیەکی تایبەت بە یادگارییەکانی. هەروەها، پێشنیازیان خستووەتەڕوو بۆ میراتگرەکان کە ماڵەکەی مامۆستای کۆچکردوو بکڕنەوە و چەند ئەندامێکی بنەماڵەکە وەک فەرمانبەری حکومەت لە کتێبخانە و مۆزەخانەکەیدا دابمەزرێن.

وەزارەت ئاماژەی بەوەداوە کە بەهۆی "راجیایی" میراتگرەکانەوە، ئەوان رێگەیەکی دیکەیان هەڵبژاردووە. سەرەڕای ئەمەش، وەزارەت وەک حکومەت، بە هاوکاری نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی میراتی رۆشنبیری و کولتووری و دەستنووسەکانی مامۆستای کۆچکردوو وەک "موڵکی گشتی" سەیر بکرێن و مافی خاوەندارێتی ئەو بەرهەمانە هەر لەسەر ناوی مامۆستا عەزیز گەردی بپارێزرێن. حکومەت بەوپەڕی بایەخەوە کار دەکات بۆ وەرگرتنی مافی بەدەستهێنانی رەزامەندی لەسەر پاراستن و چاپکردن و بڵاوکردنەوەیان لە پێناو سوودی گشتی.

لە کۆتایی رونکردنەوەکەدا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان داواکارییەک ئاراستەی میراتگرە بەڕێزەکان دەکات کە لە ئاست "بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەیی"دا بەدەم بانگەوازەکەیانەوە بێن بۆ ئەوەی گیانی مامۆستای کۆچکردوو بە چاپکردنی دەستنووس و بەرهەمەکانی شاد بێت و مافی میراتگرەکانیش پارێزراو بێت.ر