دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە جەختی لەوە کردەوە کە نایەوێت کات بەفیڕۆ بدات و تەنها دەیەوێت کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین بهێنێت.

دوای یەک رۆژ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، و سەرکردە ئەوروپییەکان، ترەمپ رایگەیاند: "جۆرێک لە گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکراتن دەبێت، بەڵام لە رێگەی ناتۆوە نابێت."

هەروەها ترەمپ رایگەیاند کە نیازی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، سەبارەت بەم شەڕە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئاشکرا دەبێت و وتی: "چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنیم هەیە لە پوتنەوە، ئەگەرنا رەوشەکە لەمەی ئێستا قورستر دەبێت."

خاڵە مشتومڕاوییەکانی دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ:

یەکێک لە خاڵە هەرە مشتومڕاوییەکانی دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ، بیرۆکەی "ئاڵوگۆڕی خاک"ە. بەپێی ئەم بیرۆکەیە، سنوورەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین بە شێوەیەک دەستکاری دەکرێن کە هەردوو لا رازی بکات.

بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، پوتن هەوڵدەدات دەستکەوتی جوگرافی لە ناوچەی پیشەسازیی دۆنباس بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەر وازهێنان لەو ناوچانەی کە گرنگییەکی کەمتریان هەیە.

سەرەڕای هەوڵەکان، داهاتووی ئەم دەستپێشخەرییە هێشتا ناڕوونە. شارەزایان پێیان وایە کە ستراتیژییەکەی ترەمپ رەنگە بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانیەوە شکستهێنێت، چونکە ترەمپ هەوڵدەدات لە یەک کاتدا هەم مۆسکۆ و هەم کیێڤ ڕازی بکات، لە کاتێکدا بەڵێنی ناڕوون بە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دەدات، بێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە چۆن هاوسەنگییەکی هەمیشەیی دروست دەکات.