پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند، تەرمی دوو کۆچبەر لە دوو رووداوی جیادا لە باکووری ئەو وڵاتە دۆزراونەتەوە، کە یەکێکیان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و ئەوی دیکەیان خنکاوە.

بەپێی راپۆرتی پۆلیس، دوێنێ یەکشەممە، تەرمی کۆچبەرێک لە دارستانی دانکریک دۆزراوەتەوە. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە ئەو کۆچبەرە خۆی کوشتووە، بەڵام تا ئێستا ناسنامە و هۆکاری روداوەکە نەزانراوە.

هاوکات، تەرمی کۆچبەرێکی دیکە لە نزیک کەناراوەکانی شاری کاليه دۆزرایەوە، کە پێدەچێت لە هەوڵی پەڕینەوەدا خنکابێت.

لەلایەن خۆیەوە، کۆمەڵەی "یۆتۆپیا 56" کە کار بۆ مافی کۆچبەران دەکات، ئاماژەی بەوەدا کە بارودۆخی ژیانی کۆچبەران لە فەرەنسا زۆر سەخت و دژوارە و پێدەچێت ئەمە پاڵنەر بووبێت بۆ خۆکوشتنی ئەو کۆچبەرە.