تۆم باراک: ئەمریکا تەنها رێنمایی لوبنانییەکان دەکات
راهۆز
١٨ی ئابی ٢٠٢٥
تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، دۆسیەی "چەکدانانی حزبوڵا"ی تاوتوێ کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پلانە "لە بەرژەوەندیی شیعەکاندایە".
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێگ عەون لە کۆشکی بعبدا، بە ئامادەبوونی مۆرگان ئۆرتاگۆس، نێردراوی ئەمریکا و لیزا جۆنسن باڵیۆزی ئەمریکا، تۆم باراک لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "چەککردن بڕیارێکی تایبەت بە دەوڵەتی لوبنانە"، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی هیچ هەڕەشەیەک لەم دۆسیەیەدا ناکات و هاوکاری بۆ هەموو لایەن جیاوازەکان هەیە.
باراک وتیشی، .حزبوڵا لەبەردەم چەندین بژاردەدایە کە دەبێت بیریان لێبکاتەوە، ناتوانێت شتێک وەربگرێت بەبێ ئەوەی لە بەرانبەردا شتێک نەبەخشێت.
نێردراوەکەی ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی هیچ پێشنیازێکی نەداوەتە ئیسرائیل سەبارەت بە چەککردنی حزبوڵا، روونیکردەوە کە بڕیارە لوبنانییەکە پێویستی بە هاوکاریی ئیسرائیلە و وتی: "حکومەتی لوبنان هەنگاوی یەکەمی ناوە، ئێستا لەسەر ئیسرائیلە هەنگاوی بەرانبەر بنێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "ئێران هاوبەشە لە پرسی چەککردنی حزبوڵادا" و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵی هیچ رێککەوتنێکی نوێ لە لوبنان نادات، بەڵکو تەنها کار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی ئێستا دەکات و مامەڵەکردن لەگەڵ حزبوڵا بابەتێکی ناوخۆیی لوبنانییە و رۆڵی ئەمریکا تەنیا رێنماییکردن بووە و هیچی تر.