لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێنی عەرەبی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عیراق باس لە قۆناغی منداڵی و پەروەردەی خێزانەكەی دەكات.

 چاوپێكەوتنەكە لە شاری سلێمانی و لە ماڵەكەی ئیبراهیم ئەحمەد گەورە نوسەر و سیاسەتمەداری گەلی كورد و باوكی خانمی یەكەمی عیراق ئەنجامدراوە، تیایدا تیشكدەخاتەسەر قۆناغی منداڵی و پەروەردە خێزانییەكەی.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق رایگەیاند، ئەم ماڵە یادگاری زۆری هەیە، چ شیرین و چ تاڵ، بەڵام كاتێك دێمە ناوییەوە، هەمیشە هەست بە سەلامەتی دەكەم، زۆر ماڵمان بەجێهێشت و چەندین جار هەڵهاتین و لە چەندین وڵات و گونددا ژیاوین، وە هەمیشە پێیان دەوتین كە دەگەڕێینەوە ماڵەوە، بەڵام هەرگیز نەگەڕاینەوە بۆ هەمان ماڵ، كەواتە ئەم ماڵە بۆ من بووەتە ماڵێك كە هەست بە سەلامەتی دەكەم تیایداو هەست بە خۆشەویستییەكی زۆر دەكەم.

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە باوكی كۆچكردووی، خانمی یەكەم دەڵێت، كاتێك لەگەڵ كەسێك دەژیت رەنگە وەك پێویست قەدری نەزانیت، بەڵام لەو قۆناغەی دواییدا وەك خۆی دەڵێت، پێكەوە دەژیان، هەرچەندە بۆ ماوەیەك لە سەردەمی منداڵیدا نەیانبینیوە.

 شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی وتیشی، دوای كۆچی دوایی باوكم، خودا لێی خۆش بێت، كاتێك دەستم كرد بە كۆكردنەوەی نوسین و كتێب و بەرهەمەكانی و دواتر سەیری چاوپێكەوتنەكانیم كرد، زیاتر هەستم بەو دەكرد، ناتوانم زۆر ستایشی بكەم، بەڵام كەسێك بوو بیری لە داهاتوو دەكردەوە، ئایندە، واتە 50 بۆ 80 ساڵ دواتر، بۆیە، ئەگەر بیبینم، لەوانەیە دڵخۆش بێت.

ئەگەر بۆ یەك جاریش بتوانم لەگەڵی بدوێم رستەیەكی پێ بڵێم، پێدەڵێم، "زۆر بیرت دەكەم، خۆزگە باشتر لەوەی دواتر تۆم ناسیبا".

لەبارەی كاریگەری خێزان و ماڵەكەی بەسەریەوە دەڵێت، شێوازی ژیانی جیاواز بووە، لەگەڵ خێزانەكەی لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر و لە گوندێكەوە بۆ گوندێكی تر ماڵ و حاڵمان بەجێدەهێشت.

وتیشی، هەندێك جار لە گوندەكاندا دەژیاین، هەندێك جار لە گۆڕستانەكاندا دەژیاین، چونكە ئەوێ تاكە شوێنی سەلامەت بوو كە نەیاندەتوانی بۆردومانی بكەن.

هەموو ئەم شتانە، زۆرترین كاریگەرییان لەسەر من هەبووە، بەتایبەتی باوكم و دایكم و خێزانەكەمان سیاسەتمەدار بوون و هەمیشە لە ژێر فشاردا بووین.

لە كۆتاییدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، زۆر پێداگرم لەسەر ئەو كارانەی كە خۆی بڕوای پێیان هەیەو گرنگی بەو سیستم و كەسانە نادات كە دەڵێت، ئەوە رێگەی تۆ نییە یان رێگاكەی بگۆڕێت.