قۆناغێکی نوێی نۆژەنکردنەوەی شەقامی تانجەرۆ-عەربەت دەستیپێکرد
رەوەز
٢ی ئابی ٢٠٢٥
لە درێژەی کارەکانی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی دەروازەی شاری سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، 2ی ئابی 2025، قۆناغێکی نوێی پڕۆژەکە دەستیپێکرد.
دوای تەواوبوونی کاری قیرتاوکردنی سایدی رۆیشتن لە فلکەی تانجەرۆوە بۆ بازگەی سلێمانی-عەربەت، تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکار (کۆمپانیای بەڵێن عوسمان)، دەستیانکرد بە کاری کڕاندن و ئامادەکردنی سایدی هاتن لە بازگەکەوە بەرەو فلکەی تانجەرۆ، بەمەبەستی قیرتاوکردنی لە چەند رۆژی داهاتوودا.
سەبارەت بەم کارانە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا داوای لە شۆفێران کرد کە بۆ ماوەی کارکردن لە پڕۆژەکەدا، پابەندی بەکارهێنانی رێگا جێگرەوەکان بن کە بەپێی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دیاریکراون.
هەروەها داوایان کرد هاوکاریی تیمەکانیان بن بۆ ئەوەی کارەکان بەپێی پلانی دیاریکراو و بەبێ دروستبوونی هیچ گرفتێک بەڕێوەبچن.