کۆمپانیای مێتا، کە خاوەنی ئینستاگرامە، هەنگاوێکی نوێی ناوە کە وا دەردەکەوێت شوێنپێی سیاسەتەکانی "تیک تۆک" هەڵبگرێت، ئەمەش لەرێگەی بێبەشکردنی هەژمارە تایبەتەکان (Private) و ئەو هەژمارانەی کە کەمتر لە هەزار فۆڵۆوەریان هەیە لە تایبەتمەندی پەخشی راستەوخۆ (Live).

لەوەتەی لە ساڵی 2016 تایبەتمەندی پەخشی راستەوخۆ خرایە بەردەست، هەموو بەکارهێنەرانی ئینستاگرام، بە هەژمارە گەورە و بچووک و گشتی و تایبەتەوە، دەیانتوانی سوودی لێوەربگرن.

بەڵام بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "9TO5Google"، ئەم هەفتەیە بەکارهێنەرانی هەژمارە تایبەتەکان و ئەوانەی کەمتر لە هەزار فۆڵۆوەریان هەیە، لە کاتی هەوڵدان بۆ کردنەوەی پەخشی راستەوخۆ، ئاگادارکردنەوەیەکیان پێگەیشتووە کە تێیدا نووسراوە: "هەژمارەکەت چیتر مەرجەکانی بەکارهێنانی پەخشی راستەوخۆی تێدا نییە."

ئینستاگرام لە ئاگادارکردنەوەکەدا روونیشیکردووەتەوە: "مەرجەکانمان بۆ بەکارهێنانی ئەم تایبەتمەندییە گۆڕیوە. تەنها ئەو هەژمارە گشتییانەی کە هەزار فۆڵۆوەر یان زیاتریان هەیە، دەتوانن ڤیدیۆی پەخشی راستەوخۆ بکەنەوە."

کۆمپانیاکە پێشوەختە ئەم گۆڕانکارییەی رانەگەیاندبوو، ئەمەش وایکردووە کە دروستکەرانی ناوەڕۆک لە هەژمارە بچووکەکان و هەژمارە تایبەتەکان کاتی پێویستیان نەبێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەم بڕیارە.

دواتر، کۆمپانیای مێتا لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "تێک کرەنچ" (TechCrunch) ئەم رێسا نوێیەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام هیچ هۆکارێکی دیاریکراوی بۆ ئەم بڕیارە ئاشکرا نەکرد، تەنها ئاماژەی بەوەدا کە "ئەم هەنگاوە بە ئامانجی باشترکردنی ئەزموونی گشتیی بینەرانی پەخشی راستەوخۆیە."

بەڵام ماڵپەڕەکە پێی وایە کە بڕیارەکە پاڵنەری دارایی لە پشتەوەیە، چونکە پەخشی راستەوخۆ پێویستی بە ژێرخانێکی گەورە و تێچوویەکی زۆر هەیە. لەبەرئەوە، کۆمپانیاکە بڕیاریداوە چیتر پشتگیری ئەو پەخشانە نەکات کە تەنها ژمارەیەکی کەمی بینەریان هەیە.

هەرچەندە هیچ داتایەکی رەسمی لەبارەی ژمارەی ئەو هەژمارانەی ئینستاگرام کە زیاتر لە هەزار فۆڵۆوەریان هەیە بوونی نییە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان، تەنها %13 بۆ %26ی بەکارهێنەران ئەو مەرجەیان تێدایە. ئەمەش بە کرداری مانای ئەوەیە کە تایبەتمەندییەکە لە نزیکەی1.7 ملیار بەکارهێنەر لە کۆی 2 ملیار بەکارهێنەری پلاتفۆڕمەکە قەدەغە دەکرێت.