لە غەززە.. تەنها لەماوەی 24 کاتژمێردا چوار کەس بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستداوە
رەوەز
٢ی ئابی ٢٠٢٥
بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ و قەیرانی خۆراکەوە، منداڵێکی دیکەی ساوا لە کەرتی غەززە بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانی لەدەستدا. بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ چوار کەس بەرزبووەوە.
لەم بارەیەوە، امجد القدرة پەیامنێری کوردسات نیوز، لەزاری بەڕێوەبەری فریاگوزاریی پزیشکی لە غەززە رایگەیاند، دۆخی مرۆیی لە کەرتەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هۆشداریی دا لە کارەساتی گەورەتر.
ناوبراو ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگ کرد:
17هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەست بەدخۆراکیی توندەوە دەناڵێنن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر سیستمی تەندروستیی داڕماوی کەرتەکە دروستکردووە.
تەنها بڕێکی زۆر کەمی هاوکارییە مرۆییەکان دەگاتە کەرتی غەززە و ئەو بڕە کەمەش لەلایەن چەند گروپێکەوە دەدزرێت و بە دەستی خەڵکی پێویست ناگات.
دەرمانی تایبەت بە نەخۆشانی شەکرە بە هیچ شێوەیەک ناگاتە غەززە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی دووگیانیش بەهۆی نەبوونی خۆراکی پێویستەوە، دووچاری کێشەی تەندروستیی مەترسیدار بوونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا، بۆ بەدواداچوونی دۆخی مرۆیی غەززە سەردانی ئەو شارەی کرد و رایگەیاند؛ لە هەوڵداین ئاگربەست جێبەجێبکەین.