بۆ دابەزاندنی کێش.. باشترین کات بۆ خواردنی شوکولاتەی تاڵ کەیە؟
رەوەز
٢ی ئابی ٢٠٢٥
شوکولاتەی تاڵ تەنها خواردنێک نییە کە بۆ چێژوەرگرتن بخورێت، بەڵکو ژەمێکی دەوڵەمەندە بە پێکهاتە خۆراکییەکان و چەندین سوودی گرنگ بە جەستە دەبەخشێت، وەک باشترکردنی میزاج، پاراستنی تەندروستیی دڵ، و یارمەتیدان لە رێکخستنی کێشی لەشدا.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "فێری وێڵ هێڵس" (verywellhealth)، بەدەستهێنانی ئەم سوودانە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە کاتی خواردنی شوکولاتەکەوە هەیە، بەجۆرێک کە هەر سوودێکی کاتی تایبەت بە خۆی هەیە.
باشترین کات بۆ خۆشترکردنی ڕۆژەکەو کاریگەری دانان لەسەر میزاج:
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنی شوکولاتەی تاڵ وەک ژەمێکی سووک لە دوانیوەڕواندا، یەکێکە لە هەڵبژاردە گونجاوەکان بۆ بەرزکردنەوەی ورە و باشترکردنی میزاج.
ئەم جۆرە شوکولاتەیە کافاین و ماددە وروژێنەرە سروشتییەکانی تێدایە کە یارمەتی بەئاگاهێنانەوەی جەستە دەدەن و هەستی ماندوێتی ناهێڵن کە بەهۆی دابەزینی ئاستی شەکر لە خوێندا دروست دەبێت.
هەروەها دەرکەوتووە کە شوکولاتەی تاڵی رێژە %85، بەهۆی کاریگەریی لەسەر مایکرۆبایۆمی ریخۆڵە، میزاج باشتر دەکات، چونکە بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو ریخۆڵە زیاد دەکات. لەلایەکی دیکەوە، ماددەی پۆلیفینۆڵ کە دژەئۆکسانێکی بەهێزە و لە کاکاودا هەیە، یارمەتی کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ دەدات لە رێگەی کەمکردنەوەی هۆرمۆنەکانی وەک کۆرتیزۆڵ و ئێپینفرین.
باشترین کات بۆ دابەزاندنی کێش
پسپۆڕان ئامۆژگاریمان دەکەن کە بۆ دابەزاندنی کێش، باشترە شوکولاتەی تاڵ لە بەیانیاندا بخورێت.
توێژینەوەکان سەلماندوویانە ئەو کەسانەی لە کاتێکی زووی رۆژدا شوکولاتە دەخۆن، کێشیان زیاد ناکات. تێبینی ئەوەشکراوە کە ئارەزوویان بۆ خواردنی شیرینی کەمتر دەبێتەوە و برسێتییان کەمدەکات، هاوکات ئاستی شەکری خوێن و کەمەریان بچووکتر دەبێتەوە.
جگە لەمانە، دژەئۆکسان و کانزاکانی ناو شوکولاتە وەک مس و مەگنیسیۆم، لە ڕێگەی باشترکردنی سووڕی خوێن، بەهێزکردنی مێتابۆلیزم و بەرهەمهێنانی وزەوە، یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی کێش دەدەن.
باشترین کات بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ
لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە خواردنی شوکولاتەی تاڵ لە بەیانیان یان دوانیوەڕواندا سوودی بۆ تەندروستیی دڵ هەیە.
پێوایە خواردنی لە بەیانیاندا یارمەتی رێکخستنی ئاستی شەکری خوێن دەدات و ئارەزووی خواردن کەمدەکاتەوە بە بەراورد بە خواردنی لە شەواندا.
ژمارەیەکی زۆر لە توێژینەوەکان خواردنی شوکولاتەیان بەستووەتەوە بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی دڵ، و جەڵتەی مێشک. بۆ نموونە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی بەردەوام شوکولاتە دەخۆن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی %37 و مەترسیی جەڵتەی مێشک بە ڕێژەی %29 کەمدەبێتەوە.
سوودەکانی تری پێکهاتەکانی شوکولاتەی تاڵ بریتین لە خاوکردنەوەی بۆرییەکانی خوێن، دابەزاندنی فشاری خوێن، و کەمکردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا.