بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە د. محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق کرد.
لە دیدارێکدا کە د. جوان ئیحسان و رزگار حاجی حەمە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە تاوتوێکران.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە گرنگیی گفتوگۆ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، هاوکات پابەندبوون بە رێککەوتنەکانی بە پێویست زانی.
هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، هەردوولا جەختیان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆ وەستاندنی هێرشەکان کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق خرایە بەر باس و بافڵ جەلال تاڵەبانی و د. محەمەد حەسان جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.