بەرپرسانی ئۆکراین رایانگەیاند، لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی شەوی رابردووی روسیادا، بەلایەنی کەمەوە 20 کەس کوژراون و زیاتر لە 40 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەندریە یەرماک، بەرپرسی نوسینگەی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لە ئەنجامی زنجیرەیەک بۆردومانی سوپای روسیا بۆ سەر زیندانێک لە هەرێمی زاپۆریژیا، 16 کەس کوژراون و 35ی دیکەش برینداربوون. ناوبراو ئەم هێرشەی بە "تاوانێکی نوێی جەنگ لەلایەن روسەکانەوە" وەسف کرد.

هاوکات، سێرگی لیساک، سەرۆکی ئیدارەی ناوچەیی دنیپرۆپترۆڤسک لە پەیامێکدا لە تێلیگرام رایگەیاند، سێ هێرشی دیکە کراوەتە سەر ناوچەکەیان و بەهۆیەوە لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشتی دیکەش برینداربوون. به وتەی ئەو، هێرشەکان به درۆنی تەقینەوه و بۆمبی 

لەلایەکی دیکەوە و لە بەرامبەردا، ئۆکراینیاش هێرشی درۆنی کردە سەر خاکی روسیا. یوری سلیوسار، پارێزگاری ناوچەی رۆستۆڤ لە باشوری روسیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی ئۆکراینەوە، هاووڵاتییەک لە شاری سالسک کوژراوە کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە.

هەروەها هێڵی ئاسنینی روسیا بڵاویکردەوە، پاشماوەی یەکێک لە درۆنەکان کەوتۆتە خوارەوە و زیانی بە شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر و شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.