حکومەتی هۆڵەندا رۆژی دووشەممە، ئیتامار بێن گڤیر و بیزالیل سمۆتریچ، وەزیرانی ئاسایشی نیشتمانی و دارایی ئیسرائیلی، وەک "کەسایەتیی نەخوازراو" لە شانشینەکەیدا ناساند و هۆکارەکەشی بۆ "توندوتیژیی نیشتەجێبووە جووەکان" گەڕاندەوە.

دیک شوف، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری زیاتری لە دژی ئیسرائیل کرد و لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "پێویستە خەڵکی غەززە دەستبەجێ و بەبێ هیچ بەربەستێک، رێگەی سەلامەتیان بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ بکرێتەوە."

شوف وتیشی، "ئەگەر سبەی یەکێتی ئەوروپا بگاتە ئەو بڕوایەی کە ئیسرائیل پابەندی رێککەوتنە پەیوەندیدارەکان نییە، ئەوا هۆڵەندا پشتیوانی لە پلانی هەڵپەساردنی بەشداریی ئیسرائیل دەکات لە بەرنامەی توێژینەوەی 'هۆریزۆن'ی یەکێتی ئەوروپا. هەروەها فشار دەکەین بۆ گرتنەبەری رێکاری زیاتری ئەوروپی، بۆ نموونە لە بواری بازرگانیدا."

لای خۆیەوە، کاسپەر ڤێڵدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، هۆڵەندا بڕیاریداوە بێن گڤیر و سمۆتریچ "وەک بیانیی نەخوازراو لە سیستمی تۆمارکردنی شنگن" تۆمار بکات، چونکە "بە شێوەیەکی بەردەوام هانی توندوتیژییان داوە لەلایەن نیشتەجێبووانەوە دژی دانیشتووانی فەڵەستین، و داوای پاکتاوی رەگەزییان لە کەرتی غەززە کردووە."


هەروەها حکومەتی هۆڵەندا رایگەیاند، باڵیۆزی ئیسرائیل لە وڵاتەکەی بانگهێشت دەکات بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتیی کابینەی هۆڵەندی لە "دۆخی ئێستا"، کە بە "نائاسایی و نابەرگریکراو" وەسفی کرد. هاوکات جەختیشی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە فشارخستنە سەر حەماس بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.