سزای دواکەوتنی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دیاریکرا
رەوەز
٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٥
بەپێی رێکارێکی نوێی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ، سزای دارایی بۆ ئەو کەس و کۆمپانیایانە دیاریکرا کە پابەندی وادەی یاسایی نابن بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان.
لەمبارەیەوە، موقەدەم ڕێژەن بورهان، لێپرسراوی تۆماری هاتوچۆی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، "بەپێی بڕیارێکی نوێی وەزارەتی ناوخۆ، لەدوای ئەنجامدانی گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، خاوەنی نوێ تەنها 60 رۆژی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بەناوبکات و تۆماری بکات."
وتیشی، "هەر هاوڵاتییەک دوای تێپەڕبوونی ئەو 60رۆژە مامەڵەی تۆمارکردن پێشکەش بکات، ئەوا رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە کە بڕەکەی هەشت هەزار دینارە."
لێپرسراوی تۆماری هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، سزاکە بۆ کۆمپانیاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیش جێبەجێ دەکرێت و ئەگەر پابەند نەبن، بە بڕی 24 هەزار دینار سزای دارایی دەدرێن.