پۆلیسی ئاکرێ: کەسێکمان بە تۆمەتی ئەنجامدانی سحر و جادوو دەستگیر کرد
هەساو ئەمیر
٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٥
پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری سحر و جادوو دەستگیر کردووە، کە جادووی بۆ لێکجیاکردنەوە و نزیککردنەوەی هاوسەران کردووە.
عیماد حسێن بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری سحر و جادوو دەستگیر کردووە، کە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە تەمەنی 39 ساڵە و دانیشتووی قەزای ئاکرێیە.
بە وتەی پۆلیس، ئەو تۆمەتبارە بەرانبەر بە بڕێک پارە کاری سحر و جادووی بۆ لێکجیاکردنەوە و لێکنزیککردنەوەی هاوسەران کردووە.
پۆلیسی ئاکرێ ئەوەشی بۆ کوردسات نیوز خستە روو، دوای سکاڵای چەند هاووڵاتییەک، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 240 ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیر کردووە، لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا دەست بەسەر چەندین بەڵگە و کەلوپەلی تایبەت بە ئەنجامدانی کارەکەیدا گیراوە.