لە رانیە بەهۆی ریکلامکردن بۆ بەرهەمەکانیان بەشێوەیەکی دوور لە بنەما زانستییە پزیشکییەکان و نەبوونی پسپۆڕی خۆراک، کارگەیەکی چەرەسات و دروستکردنی شیرینی داخرا.

قائیمقامییەتی رانیە بڵاویکردووەتەوە، لە ئەنجامی پشکنین و بەدواداچوون بۆ سکاڵای هاووڵاتیان، کارگەیەکی چەرەسات و دروستکردنی شیرینیان داخستووە، کە پێشتریش رێنمایی پێدراوە و ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام پابەندی رێنماییەکان نەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کارگەکە ریکلامی بۆ بەرهەمەکانی کردووە بە شیوەیەکی نازانستی، کە هاوتەریب نییە لەگەڵ سیستمی خۆراکیدا، هەروەها هیچ پسپۆڕێکی بواری خۆراک لە کارگەکەدا نەبووە، لەکاتێکدا کاری دروستکردنی خۆراکیان کردووە، جگە لەوەی یەکێک لە کارمەندەکانیان کارتی تەندروستیی نەبووە.

ئەوەش هاتووە، هەر لە شوێنی کارەکەدا قۆزاخە و مێروو هەبووە بەهۆی بوونی شێ، جگە لەوەش پێکهاتەکانی دروستکردنی شیرینیان بۆ چەند جارێک بەکارهێناوەتەوە.

قائیمقامییەتی رانیە راشیگەیاندووە، کارگەکە ریکلامی تەندروستییان کردووە بۆ نەخۆشانی شەکرە و فشاری خوێن و قەڵەوی، لەکاتێکدا ریکلامەکانیان بەدەر بووە لە رێنماییە تەندروستییەکان.

لیژنەکانی قائیمقامییەت، چەند لیژنەیەکن لە بوارە جیاوازەکاندا و لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستاندا رۆژانە سەردانی دوکان و بازاڕەکان دەکەن و رێنمایی دەدەنە کاسبکار و خاوەنکارەکان، جگە لەوەی سەرپێچیکاران ئاگادار دەکەنەوە و لە ئەگەری پابەند نەبوونیان رووبەڕووی رێکاریی یاساییان دەکەنەوە.