ئاگری دارستانەکان لە تورکیا لە ناوەڕاستی چوارەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتە نزیک بووەتەوە و حکومەتی وڵاتەکەش تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەسی لە ماڵەکانی خۆیانەوە بۆ جێگای دیکە گواستووەتەوە.

ئیبراهیم یوماکلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکی رایگەیاندووە، ئاگر لە ناوەڕاستی شاری بۆرسەی پیشەسازی گەورە نزیک بووەتەوە و سێ هەزار و 515 کەسیان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە بۆ پەناگە پارێزراوەکان گواستووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لەو ناوچەی نیشتەجێبوونە، دوو هەزار و 300 کەس لە تیمی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی هەوڵدانن بۆ رێگریکردن لە زیاتر تەشەنەسەندنی ئاگرەکە و رزگارکردنی هاووڵاتیانی ناوچەکە.

باسی لەوەشکردووە، هەبوونی رەشەبا لە ناوچەکەدا وایکردووە ئاگرەکە بە خێرایی بڵاوببێتەوە و کۆنتڕۆڵکردنی قورس بێت، ئەوەشی لە ئێستادا هەوڵی بۆ دەدەن دروستکردنی ئاگربڕە، بۆئەوەی رێگە لە ئاگرەکە بگرن نەگاتە ناوچەکانی دیکە دواتر کۆنتڕۆڵی بکەن و بیکوژێننەوە.

وتیشی، مەترسی ئەوە هەیە بگاتە ئەنكەرەی پایتەخت.

تاوەکو ئێستا حەوت تۆمەتبار بە تۆمەتی کردنەوەی ئاگرەکە دەستگیر کراون و پێشبینی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکرێت بۆ 40 پلەی سیلیزی لە چەند شارێکی ناوچەکەدا.

لە ئێستادا تورکیا بە زیاتر لە 27 فڕۆکە و 105 هێلیکۆپتەر، هەروەها نزیکەی شەش هەزار ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی ئاگربڕ و کوژاندنەوەی ئاگرەکەن و 25 هەزار پۆلیسی دارستان و 132 هەزار خۆبەخشیش وەک هێزی مرۆیی بەشدارن.

لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە بە گشتی سێ هەزار و 62 روداوی ئاگر لە تورکیا کەوتوونەتەوە.