لە رووداوێکی تەقەکردندا لە باڵەخانەیەکی بەناوبانگی شاری نیویۆرک، چەکدارێک چوار کەسی کوشت کە یەکێکیان ئەفسەری پۆلیس بوو، دواتریش بە گوللـەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەرپرسانی پۆلیسی نیویۆرک رایانگەیاند، هێرشبەرەکە بە تەنها بووە و دوای کوشتنی ئەفسەرەکە و سێ هاوڵاتی مەدەنی، فیشەکێکی ناوە بە سنگی خۆیەوە و و گیانی لەدەستداوە.
جێسیکا تیش، کۆمسیاری پۆلیسی نیویۆرک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناسنامەی هێرشبەرەکەی ئاشکرا کرد و تایگەیاند کە ناوی (شەین دیڤۆن تامورا)یە و تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی لاس ڤێگاسە. تیش ئەوەشی خستەڕوو کە تامورا "پێشینەی کێشەی دەروونی هەبووە"، بەڵام تا ئێستا هۆکاری هێرشەکەی نازانرێت.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووداوەکەدا پیاوێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری چڕدایە.
ئەو ئەفسەرەی لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە ناوی (دیدارول ئیسلام)ە. کۆمسیاری پۆلیسی نیویۆرک وتیشی، "دیدارول خێزاندار بووە و باوکی دوو کوڕی بچووک بووە، هاوسەرەکەشی دووگیانە بە منداڵی سێیەمیان."
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نیویۆرک (NYPD) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕێزی لە ئەفسەرە کوژراوەکە گرتوە و نووسیویەتی: "ئەو لە کاتی پاراستنی خەڵکی نیویۆرک لە مەترسی، بە شێوەیەکی تراژیدی کوژرا. ئێمە لەم کاتە پڕ لە ئازارەدا هاوبەشی خەمەکانین و بۆ هەمیشە یاد و رێگەکەی بەرز رادەگرین."
هێرشەکە چۆن روویدا؟
بەبێی گێڕانەوەی سکای نیوزی ئینگلیزی رووداوەکە لە باڵەخانەی "345 پارک ئەڤینیو" لە ناوەڕاستی مانهاتن روویداوە، کە بارەگای سەرەکی کۆمپانیای وەبەرهێنانی "بلاکستۆن" و خولی تۆپی پێی نیشتمانی ئەمریکی (NFL) لەخۆدەگرێت.
بەپێی وتەی جێسیکا تیش، کامێراکانی چاودێری دەریانخستووە کە تامورا لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMW دادەبەزێت و بە چەکێکی جۆری M4ەوە بەرەو باڵەخانەکە دەڕوات. پاشان دەچێتە ناو هۆڵی باڵەخانەکە و یەکسەر تەقە لە ئەفسەری پۆلیسەکە دەکات.
وتیشی: "دواتر تەقە لە ژنێک دەکات کە لە پشت ستوونێکەوە خۆی حەشاردابوو، پاشان بەردەوام دەبێت لە تەقەکردن لەناو هۆڵەکەدا و پاسەوانێکی ئەمنی دەکاتە ئامانج کە لە پشت مێزی پێشوازییەوە بووە."
دواتر تامورا بەرەو بەشی ئاسانسوارەکە (مەسعەد) دەڕوات و داوای بەرزکەرەوەیەک دەکات. کاتێک بەرزکەرەوەکە دەکرێتەوە، ژنێک لێی دێتە دەرەوە، بەڵام رێگەی پێدەدات بە سەلامەتی تێپەڕێت. پاشان بۆ نهۆمی 33ـیەم سەردەکەوێت و لەوێش کەسێکی دیکە دەکوژێت.
لە کۆتاییدا، کۆمسیاری پۆلیس رایگەیاند کە هێرشبەرەکە فیشەکێک دەنێت بە سنگی خۆیەوە و کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت. دواتر لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەرمانی پزیشکی دۆزراوەتەوە کە بۆی نووسرابوو.