ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆنروا) رایگەیاند کە لە هەر5 منداڵێک لە شاری غەززە، یەکێکیان تووشی بەدخۆراکی بووە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە حاڵەتەکان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندان.

فیلیپ لازارینی، کۆمسیاری گشتیی ئۆنروا، شایەتحاڵیی یەکێک لە کارمەندانی ئۆنروا لە غەززە دەگوازێتەوە کە وتوویەتی "خەڵکی غەززە نە مردوون و نە زیندوون، ئەوان بوونەتە لاشەی جوڵاو."

لازارینی وتیشی، "کاتێک بەدخۆراکی لەناو منداڵاندا خراپتر دەبێت، میکانیزمەکانی خۆگونجاندن شکست دەهێنن، و دەستگەیشتن بە خۆراک و چاودێری نامێنێت، برسێتی بە بێدەنگی دەست بە بڵاوبوونەوە دەکات."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە "زۆربەی ئەو منداڵانەی پێشوازییان لێدەکرێت لەلایەن تیمەکانمانەوە، بەدەست لاوازی و بێهێزییەوە دەناڵێنن و ئەگەر بەپەلە ئەو چارەسەرەی پێویستیانە پێیان نەگات، مەترسیی گیانلەدەستدانیان زۆرە."

لازارینی بە چەند خاڵێک دۆخی غەززە و هاووڵاتیانی روونکردووەتەوە:

  • راپۆرتەکان ئاماژە بە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس دەکەن بەهۆی برسێتییەوە، کە زۆربەیان منداڵن.

  • ئەم قەیرانە قوڵە هەمووانی گرتۆتەوە، تەنانەت ئەوانەش کە هەوڵی رزگارکردنی گیانی خەڵک دەدەن لە کەرتی غەززە.

  • کارمەندانی تەندروستی لە هێڵەکانی پێشەوەی ئۆنروا بە یەک ژەمە خۆراکی بچووک دەژین، کە زۆرجار تەنها نیسکە. زۆرێکیان لەبەر برسێتی لەکاتی کارکردندا لەهۆش خۆیان دەچن.

  • کاتێک چاودێرەکان ناتوانن شتێک بۆ خواردن بدۆزنەوە، تەواوی سیستمی مرۆیی دەست بە داڕمان دەکات.

  • باوکان ئەوەندە برسین کە ناتوانن چاودێری منداڵەکانیان بکەن.

  • ئەوانەی دەگەنە کلینیکەکانی ئۆنروا، وزە و خۆراک و توانای پەیڕەوکردنی ئامۆژگارییە پزیشکییەکانیان نییە.

  • خێزانەکان چیتر ناتوانن خۆیان بگرن، ئەوان لەیەک هەڵدەوەشێنەوە و توانای مانەوەیان نییە.

  • مانەوەی خودی ئەوان کەوتۆتە مەترسییەوە.