ماکرۆن لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ شەرع: پێویستە رێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی
رەوەز
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئێوارەی رۆژی شەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رایگەیاند کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، ئەنجامداوە.
سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی، "توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی سوریا، ناسکیی قۆناغی گواستنەوەمان بیردەخاتەوە،" و جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی کردەوە.
ماکرۆن ئاماژەی بەوەشداوە، "پێویستە بە پەلە رێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی دیمەنەکانی توندوتیژی و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی بکرێت."هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە چاوەڕوان دەکرێت رێکاری یاسایی دەست پێبکات بە پشتبەستن بە راپۆرتی لیژنەی سەربەخۆ.
سەرۆکی فەرەنسا رونیکردەوە، ئاگربەستی سوەیدا ئاماژەیەکی ئەرێنییە و پێویستە ئێستا دیالۆگێکی هێمنانە رێگە خۆشبکات بۆ گەیشتن بە ئامانجی یەکخستنی سوریا بە شێوەیەک کە مافی هەموو هاووڵاتیانی بپارێزرێت.
ماکرۆن رایگەیاند کە لەگەڵ سەرۆکی سوریا گفتوگۆی کردووە دەربارەی پێویستیی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بە هاوکاریی لایەنە ناوخۆییەکان، لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا کە حوکمڕانیی باش و ئاسایش مسۆگەر بکات.
لە هەمان چوارچێوەدا، ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە، دانوستانەکان لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا بە نیازپاکی بەڕێوەبچن، وتیشی، "گفتوگۆ سێقۆڵییەکانی رۆژی هەینی رێگەیان خۆشکرد بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو."
سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ شەرعی دووپاتکردۆتەوە کە پاریس پابەندە بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریاوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەردوو لا باسیان لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە و پێکەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ هاریکاری لەپێناو سەقامگیرکردنی سنوورەکانی سوریا و لوبنان دووپاتکردەوە. ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکرد کە فەرەنسا ئامادەیە هاوکاریی ئەم هەوڵانە بکات.