"فەرامۆشکردنی زمانی شیرینی کوردی لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای عیراق پێچەوانەی بنەماکانی دەستور و پێکەوەژیانە".

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عیراقی فیدراڵ دەکات بۆ رێگرتن لە (خوێندن و دانانی پرسیار) بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی (موسڵ و کەرکوک و دیالە).

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی پێشێڵکردنی ڕاستەوخۆی مادەی (4)ی دەستوری هەمیشەیی عیراقە، لە هەمانکاتدا پێچەوانەی بەهاو بنەماکانی پێکەوە ژیانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ. بۆیە داواکارین لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق دەستبەجێ ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوەو کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوە ژیان و رێزگرتن لە کلتور و زمان و فەرهەنگى هەموو گەلانی عیراق بەبێ جیاوازى.

بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى عیراق لەسەر هێڵ دەبین بۆ چارەسەرکردنى ئەم پرسەو رێگە گرتن لە دوبارە بونەوەى ئەم جۆرە هەڵوێستە دوژمنکارانە .