ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند واشنتۆن وەفدی دانوستانکاری خۆی لە گفتوگۆکانی ئاگربەست لە دۆحە دەکشێنێتەوە و حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە "بە نیازپاکی" مامەڵە ناکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیلیش وەفدی خۆی بانگهێشتکردەوە، دوای وەرگرتنی وەڵامی حەماس لەسەر پێشنیازی ئاگربەستر.

ویتکۆف لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی: "بڕیارماندا وەفدەکەمان لە دۆحەوە بۆ ئەنجامدانی راوێژ بگەڕێنینەوە، ئەمەش دوای وەڵامەکەی حەماس کە بەڕوونی نیشانیدا ئارەزووی ئەوە ناکات بگات بە ئاگربەست لە غەززە."

نێردەی ئەمریکا وتیشی: "لەکاتێکدا نێوەندگیرەکان هەوڵێکی زۆریان داوە، حەماس نەرمی نانوێنێت و بە نیازپاکی کارناکات." هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە واشنتۆن ئێستا تاوتوێی "بژاردەی دیکە" دەکات بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دانیشتووانی غەززە.

وردەکاری وەڵامەکەی حەماس و کشانەوەی ئیسرائیل:

پێشتر، نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندبوو کە "بڕیاردرا وەفدی دانوستانکار بگەڕێندرێتەوە بۆ ئیسرائیل بەمەبەستی درێژەدان بە راوێژکارییەکان،" هاوکات سوپاسی هەوڵی نێوەندگیرانی قەتەر و میسر و نێردەی ئەمریکای کرد.

بزوتنەوەی حەماس بەرەبەیانی ئەمڕۆ پشتڕاستی کردەوە کە وەڵامی خۆی و گروپە فەڵەستینییەکانی دیکەی لەسەر پێشنیازی ئاگربەست پێشکەش بە نێوەندگیرەکان کردووە.

بەپێی سەرچاوە فەڵەستینییەکان، وەڵامەکەی حەماس چەند گۆڕانکارییەکی لەخۆگرتووە، دیارترینیان داواکردنی گەرەنتییە بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی، کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان و رێگای سەڵاحەدین، هەروەها زیادکردنی ژمارەی ئەو دیلە فەڵەستینیانەی کە سزای قورس و هەتاهەتاییان هەیە و لە بەرامبەر ئازادکردنی سەربازە دیلەکانی ئیسرائیلدا ئازاد دەکرێن.

ئەم دانوستانانە لەسەر بنەمای پێشنیازێک بوو بۆ ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی 60 رۆژ، کە لەو ماوەیەدا بە قۆناغ دیلەکانی لای حەماس ئازاد بکرێن لە بەرامبەر ئازادکردنی سەدان گیراوی فەڵەستینی.

زانیاری دەربارەی بارودۆخی غەززە:

بەرگری شارستانی لە کەرتی غەززە رایگەیاند کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە 40 فەڵەستینی بە تەقەی ئیسرائیل کوژراون، کە حەوت کەسیان لەکاتی چاوەڕوانکردنی هاوکارییەکاندا بوون. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، ژمارەی ئەو فەڵەستینیانەی لەکاتی چاوەڕوانی هاوکارییەکاندا کوژراون لە کۆتایی مانگی ئایارەوە گەیشتووەتە دە هەزار و 83 کەس.

هاوکات، ئاژانسەکانی فرانس پرێس، ئەسۆوشیەیتد پرێس، رۆیتەرز و دەزگای بی بی سی، لە بانگەوازێکی هاوبەشدا داوایان لە ئیسرائیل کرد رێگە بە رۆژنامەنووسان بدات بچنە ناو کەرتی غەززەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئیسرائیل، حەماس بە دروستکردنی "کەمیی خۆراکی ساختە" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت هاوکارییەکان دەگەنە غەززە بەڵام رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دابەشکردنیاندا کەمتەرخەمن، لەکاتێکدا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رەخنە لە رێگری و کۆتوبەندەکانی ئیسرائیل و سەختی گواستنەوەی هاوکارییەکان دەگرن بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی و وێرانبوونی رێگاوبانەکانەوە.