بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن بزوتنەوەی حەماس مەرجی خۆبەدەستەوەدان بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت و هاوکات ئاماژەی بە گرژییەکانی سوریا دا و وتی؛ "پشت لە درووزەکانی برامان ناکەین".

نەتانیاهۆ لە وتارێکدا لە میانی مەراسیمی یادکردنەوەی زیئێڤ جابۆتینسکی لە کێوی هێرتزل، وتی: "حکومەتەکەم کاردەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی ئەو دیلانەی لە غەززە دەستبەسەرن، بەڵام هۆشداری دەدەمە حەماس کە ئەم هەوڵانە وەک 'نیشانەی لاوازی' سەیر نەکات."

نەتانیاهۆ جەختیشی کردەوە: "ئەگەر حەماس ویستی ئێمە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بە لاوازی بزانێت و بیکاتە دەرفەتێک بۆ سەپاندنی مەرجی خۆبەدەستەوەدان؛ کە ئاسایشی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە، ئەوا هەڵەیەکی کوشندە دەکات." ناوبراو وتیشی: "ئێمە سوورین لەسەر گەڕاندنەوەی هەمووان، و هەر ئەوەش دەکەین."

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دانی بەوەدانا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە بەهۆی بەئامانجگرتنیان بە چەکی دژە زرێپۆش برینداربوون، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری لەبارەی رووداوەکەوە نەخستەڕوو کە وەک "رووداوێکی ئەمنی مەترسیدار" لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە وەسفکرابوو.

هەروەها نەتانیاهۆ هێرشە سەربازییەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران، بە "سەرکەوتووترین هەڵمەتی مێژووی ئیسرائیل" وەسفکرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەتانیاهۆ پەیامێکی ئاراستەی درووزەکانی سوەیدا لە باشوری سوریا کرد و وتی: "ئێمە لە بەرامبەر ئەوەی بەسەر براکانمان لە سوەیدا دێت، دەستەوەستان ناوەستین." ناوبراو داوای "چەکداماڵینی ناوچەکانی باشوری دیمەشق"ی کرد و دووپاتیکردەوە کە ئیسرائیل "پابەندە بە پاراستنی درووزەکانەوە."