قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا و فواد خازر ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن و هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە هەر سێ کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە 9ـی 7ـی 2025 بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی موچەخۆرانی هەرێم، روونیکردەوە بەدیلی رێککەوتن هەر رێککەوتنە و وتیشی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ چارەسەری هەمیشەیی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا سەبارەت بە رەوشی گشتیی ناوچەکە و بە تایبەت پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە شەڕ و بارگرژییەکانی ئەم دوایانە، هیوای خواست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنەکانی ناوچەکە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بە ئاراستەی هێورکردنەوەی بارگرژییەکان و سەقامگیرترکردنی ناوچەکە، چونکە دواجار سەقامگیری لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ناوچەکەدایە و لە رەوشی ناسەقامگیریدا هەمووان زەرەرمەند دەبن.

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاش، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی پاڵپشتیکردن لە پرۆسەکە و راشیگەیاند، لە هەر شوێنێک پێویست بکات هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر چەشنە هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە کوردستان، قوباد تاڵەبانی ماڵئاوایی کرد لە کونسوڵی گشتیی ئوردن و سوپاسی کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا رۆڵی گرنگی بینی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئوردن و هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا و بەتایبەتیش لە بوارەکانی کشتوکاڵ و خوێندنی باڵادا. لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵی نوێی ژاپۆنیش، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ بەخێرهێنانی، سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ژاپۆنی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و داوایکرد کاری زیاتر بکرێت بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لە بوارەکانی خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجاندا.