سەرۆک کۆماری عیراق و خانمی یەکەم لە ئیسپانیا و لە میانی بەشداریکردن لە چوارەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان؛ چاویان بە پاشا و شاژنی ئیسپانیا کەوت و لەبارەی چەند پرسێکەوە گفتوگۆیان کرد.

لە میانەی ئاهەنگی  پێشوازیکردنی وەفدەکانی بەشداربووی چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە سیڤیلیا لەگەڵ پاشا فیلیپی شەشەم و شاژن لێسیای هاوسەری کۆبوونەوە.

سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم ستایشی هەڵوێستی ئیسپانیایان کرد لە پشتیوانیکردن لە دۆزی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین و کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە پەرۆشی خۆی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و پیشخستنی هاریکاری بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا بکات، هیواشی خواست، کۆنفرانسەکە راسپاردەیەک بەرهەم بهێنێت کە خزمەت بە خواستەکانی گەلان بکات بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.