هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و وڵاتانی ناوچەكە ئیدانەی دەكەن و بەریتانیاش پشتگیری دەكات.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاندووە ، بەغداد نیگەرانە و ئیدانەی هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دەكات و ئەو پێشهاتەش هەرەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست و سەقامگیری هەرێمیی دەخاتە مەترسییەوە .

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیەندراوێكدا داوای لە كۆمەڵی نیودەوڵەتی كردوە هەوڵەكانی زیاتر بكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی ئێران و پێشێلكردنی سەروەری ئەو وڵاتەشی ئیدانە كردوە  ، هاوكات حكومەتی عومان ئیدانەی هێرشەكەی ئەمریكای كردوە و داوای كردوە بە پەلە ئالۆزییەكان كەمبكرێنەوە و هێرشەكەی ئەمریكاشی بە پێشێلكردنی سەروەری ئێران ناو بردوە .

لەبەرانبەردا كەیر ستامەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پشتگیری وڵاتەكەی بۆ هەوڵەكانی رێگریكردن لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دوپاتكردوەتەوە و رایگەیاندوە ، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەرەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی ، بۆیە نابێت رێگە بە تاران بدرێت پەرەی پێبدات .