ترەمپ: وادەی کارابوونی تیکتۆکم بۆماوەی 90 رۆژی دیکە درێژ کردەوە
هەساو ئەمیر
١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، وادەی کارابوونی تیکتۆکی لە ئەمریکا بۆماوەی 90 رۆژی دیکە درێژ کردووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، 90 رۆژی دیکە وادەی کارابوونی تیکتۆکی لە ئەمریکا درێژ کردووەتەوە.
بەوپێیەش تاوەکو 17ی ئەیلوولی ئەمساڵ لەبەردەم ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدایە کە بەڕێوەبەرەکەی بگۆڕێت بە کەسێک کە چینی نەبێت، بەپێچەوانەوە تیکتۆک لە ئەمریکا 'بان' دەکرێت و چیتر کارا نابێت.
ترەمپ لە سەرەتای ئەمساڵەوە کە بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی زیادکردنی باجی لە چین کرد ئەگەر گرێبەستێک لەبارەی تیکتۆکەوە ئیمزا نەکات لەگەڵیدا.
لەو ناوەندەدا، ترەمپ خواستی خۆی بۆ کڕینەوەی تیکتۆک راگەیاند و پێشنیازی ئەوەی بۆ چین کرد، کە ئەگەر تیک تۆکی پێ بفرۆشێتەوە ئەوا باجی سەر ئەو وڵاتە کەم دەکاتەوە، بەڵام چین پێشنیازەکەی رەتکردەوە.