حکومەت کێشەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ناوچە دابڕێنراوەکانی چارەسەر کرد
رەوەز
١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی ناوچە دابڕاوەکانی دا کە لە دەرەوەی پلانن و گرێبەستی کشتوکاڵییان لەگەڵ حکومەتدا نییە.
ئەم بڕیارە دوای بەدواداچوونی وەزیری دادی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەی وەرنەگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی ناوچە دابڕاوەکان وەک کەرکوک، دووز، مەخمور و دیالە هات.
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری داد خالید شوانی، ئەم کێشەیە بە بیانووی ئەوەی جوتیاران گرێبەستی کشتووکاڵی یاساییان نەبووە لەگەڵ حکومەتدا دروست ببووە.
لەگەڵ ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیراندا، کێشەی جوتیارانی ناوچە دابڕاوەکان چارەسەر دەبێت و دەتوانن بەرهەمی گەنمیان بە حکومەت بفرۆشن.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پاڵپشتیکردنی جوتیارانی ناوچە دابڕاوەکان دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا بەرەوڕووی کێشەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بوونەتەوە