وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کەیسێکی نوێی تای خوێنبەربوون لە شاری سلێمانی تۆمارکراوە.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتەکە، تووشبووەکە پیاوێکی 41 ساڵەی دانیشتووی گەڕەکی چوارچرای سلێمانییە کە لەرێگای سەربڕینی ئاژەڵەوە تووشبووە.

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: "دوای گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، چەندین رێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر."

نەخۆشەکە لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت، بەپێی راگەیەندراوەکە "تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە."

وەزارەتەکە داوای لە هاوڵاتیان کردووە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی بکەنەوە و "لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە."

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا شەش حالەتی پشتڕاستکراوی تای خوێنبەربوون لە هەرێمدا تۆمارکراوە کە "بەداخەوە حالەتێکیان لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا و حالەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە."