وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: باسکردنی دانوستان لەم کاتەدا بێمانایە
هەساو ئەمیر
١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، باسکردنی دانوستان لەم کاتەدا بێمانایە. دەشڵێت، پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکە بۆ کشانەوە لە رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.
ئیسماعیل بەقائی وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن ئیدانەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەم ساتە باسکردنی دانوستان بێ مانایە.
وتیشی، پەرلەمانی ئێران سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکە بۆ کشانەوە لە رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.
پەیمانی نەھێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی NPT؛ پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە بە ئامانجی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و تەکنەلۆژیای چەکی ئەتۆمی، هەروەها پێشخستنی ھاوکارییە لە بەکارھێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی، و پێشخستنی ئامانجی گەیشتن بە داماڵینی چەکی ئەتۆمی و داماڵینی گشتی و تەواوەتیی.