سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رەوشی قەزای عەینکاوە لە سنوری هەولێر پەیامێکی بلاوکردوەتەوە و دەڵێت: هەندێک لە هۆتێلەکان بۆ کاری بێ ڕەوشتانە بەکاردەهێندرێن.

د. مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رەوشی عەینکاوە لە سنوری هەولێر پەیامێکی بلاوکردوەتەوە و دەڵێت: ئەو شێواندنە نەریتیانەی لە عەینکاوە رودەدات کاریگەریی توندی لەسەر خەڵکی ناوچەکە هەبووە.

لە پەیامەکەدا هاتووە، شێواندنەکان بریتین لە بڵاو بونەوەى رەفتارى نا ئەخلاقى لە شەقامەکانى عەینکاوەدا، بە شێوەیەکى رۆژانە، بە تایبەت لە دواى نیوە شەوەوە، لە لایەن خەڵکانێکى بێگانەوە کە خەڵکى ناوچەکە نین.

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە، زیادبونى ژمارەى هۆتێلەکان بە شێوەیەکى چاوەڕوان نەکراو، کە لەگەڵ قەوارەى قەزاکەدا ناگونجیت، هەروەها سەرپێچی رێنماییە کارپێکراوەکانە، بە تایبەتى هەندێکیان لە نێو گەڕەك و لە ناوچە نیشتەجێبونەکاندان لە هەموى خراپتر، هەندێکیان بۆ کارى بێ رەوشتانە بەکاردەهێنرێن، هەروەها دەنگى بەرزى هۆڵەکانی ئاهەنگ گێڕان، تا درەنگانی شەو، رێگری لە نەخۆش و خوێندکاران دەکات کە ژیانی ئاسایی خۆیان بژین و کەسانی دەوروبەری ئەو هۆڵانەش لە خەو بێ بەش دەکات.

لەپەیامەکەشدا هاتووە، هەندێ دیاردە پێشێلکارى نەریتی خەڵکی عەینکاوە دەکەن، وەک جلوبەرگى ناشایستەى هەندێك لەو خەڵکانەى کە سەردانى عەینکاوە دەکەن، هەروەها بڵاوبونەوەی نائاسایی مەیخانە و مەساجخانە و یانە شەوانەکان بەتایبەتی کە هەندێکیان دەکەونە ناو ناوچە نیشتەجێبونەکان، ئەمەش دانیشتوانی ناوچەکە نائارام دەکات و وایان لێدەکات هەست بە مەترسى بکەن بۆ کوڕ و کچەکانیان.

"زیادبوونی خاوەندارێتی موڵك لەلایەن کەسانی غەیرە مەسیحییەوە، لەڕێگەی فێڵى یاساییەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر دیمۆگرافیای ناوچەکە دەبێت و پێشێلکردنی بڕگەکانی دەستور و یاسایە، هەموو ئەمانە جێگەی قبوڵکردن نین و دەبێت هەنگاوی جدی بنرێت بۆئەوەی بابەتەکە بە شێوەیەک لە قاڵب بدرێت کە خزمەت بە خەڵکی عەینکاوە بکات. عەینکاوە کە بە (شاری برایەتی و ئاشتی) ناسراوە، دەبێت هەموومان کاربکەین بۆ پاراستنی کەرامەت و ناوبانگی خەڵکەکەى"، سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان وادەڵێت.