ئەمڕۆ دووشەممە برۆنۆ ڕێتۆڵ وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی بە هەمان شێوەی تیرۆر و مادەی هۆشبەرەکان، مامەڵە لەگەڵ ئیخوان موسلمین بکات.

رێتایۆ رونیشی کردەوە کە وڵاتەکەی دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: یەک، "لە ترسی ئەوەی بە ئیسلامۆفۆبیا ناوزەد بکرێت هیچ نەڵێت، یان ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین و وەڵامی 'تەقییە'ی ئیخوان بدەینەوە".

وەزیری ناوخۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: قەدەغەکردنی ئیخوان موسلمین و ئیسلامی سیاسی لە فەڕەنسا دەبێت هەنگای یەکەم بێت، بەڵام بەس نیە. 

ئەم قسانەی وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لە دوای ئەو راپۆرتە هاوبەشەی حکومەتی فەڕەنسا و دەزگای هەواڵگری و لایەنە پەیوەندیدارەکان دێن کە لەم دواییانەدا لە رۆژنامەی لۆفیگارۆدا بڵاوکرایەوە و ئاشکرای کردبوو؛ تۆڕێکی بەرفراوانی کۆمەڵە و ناوەندەکانی پەرستن لە ژێر کاریگەریی ئیخوان موسلیمین هەن و کاریگەری گەورەیان لەسەر گۆشەگیرکردنی گەنجان هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە زیاتر لە 200 ناوەندی ئایینی و 280 کۆمەڵەی ئیخوانی، 55 بەشی فەرەنسایان کۆنتڕۆڵکردووە. ئەم ناوەندانە لە بوارەکانی پەروەردە و ئایین و گەنجاندا کاردەکەن و گوتارێکی "دوندڕەوانە" بڵاودەکەنەوە، کە هەڕەشە لە یەکگرتووی کۆمەڵایەتی دەکات و بەهاکانی فەڕەنسا تێکدەدات.