وردەکاریی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
رەوەز
١٣ی ئایاری ٢٠٢٥
سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ سێشەممە، گەیشتە ریازی پایتەختی شانشینی سعودیە و گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد، کە بەگوێرەی ئاژانسەکان چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنی ملیار دۆلاری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو مۆر بکات.
ترەمپ لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، پێشوازی لێ کرا و چاوەڕوان دەکرێت گەشتەکەی سەرۆکی ئەمەریکا چوار رۆژ بخایەنێت.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ترەمپ دوای سعودیە رۆژی چوارشەممە سەردانی قەتەر و رۆژی پێنجشەممەش سەردانی ئیمارات دەکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە گەشتەکەی ترەمپ بۆ وڵاتانی کەنداو زیاتر بە مەبەستی رێککەوتنی ئابوری دەبێت، نەک چارەسەرکردنی قەیرانە ئەمنییەکانی ناوچەکە، وەک شەڕی غەززە و گرژییەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
وەفدێکی باڵای ئەمریکی یاوەری سەرۆکی ئەمریکان، لەوانە ئیلۆن ماسک، ملیاردێر و بەڕێوبەری وەزارەتی کارامەیی، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، پێت هێکسێت، وەزیری بەرگری و سکۆت باسێنت، وەزیری گەنجینە و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی ئەمەریکی.
بەگوێرەی "SPA"، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودیە، ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە و سەرکردەکانی کەنداو، 10 پرسی سەرەکی تاوتوێ دەکەن، لەوانە ئاسایشی ناوچەکە، وزە، بەرگری و هاوکاری ئابوری. هاوکات واشنتۆن هەوڵ دەدات هاوبەشی ستراتیجی خۆی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەهێز بکات لە ژێر رۆشنایی گۆڕانە خێراکانی بارودۆخی نێودەوڵەتیدا.
پێشبینی دەکرێت وڵاتانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات بە بەهای ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە ماوەی چوار ساڵی داهاتودا لە ئەمەریکا رابگەیەنن.
سەرۆک ترەمپ دوێنێ رایگەیاند، ئەگەر رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆی باش لە نێوان وەفدی ئۆکراین و روسیا لە ئیستەنبوڵ ئەنجام بدرێت، ئەوا بە دوری نازانێت بچێتە تورکیا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوپاتی کردۆتەوە کە ئەم سەردانە یەکەم گەشتی سەرۆک ترەمپە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای دەستبەکاربونی لە پۆستی سەرۆکایەتی و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم گەشتە نیشاندەری گرنگی پەیوەندییەکانی ئەمەریکایە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا.
دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی دوێنێ، 12ـی ئایاری 2025، واشنتۆنی بەجێهێشت و بە فڕۆکەی "ئەیر فۆرس وەن" بەرەو سعودیە بەڕێکەوت.