سەرۆک کۆماری عیراق: هۆکاری تەکنیکی لە پشت دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە
لاوان
١٠ی ئایاری ٢٠٢٥
چاوپێكەوتنی سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ كەناڵی " حەدەس"ـی سعودی، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دوایین پێشهاتە نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆییەكان و تێڕوانینی عیراق بەرانبەریان.
لە دەستپێكی چاوپێكەوتنەكەدا د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لەبارەی لوتكەی عەرەبییەوە، كە بڕیارە رۆژی 17ـی ئەم مانگە لە بەغدادی پایتەخت بەڕێوەبچیت وتی، لە سنوری وڵاتانی عەرەبی كێشە و گرفتێكی زۆر هەیە و بڕیارە لە لوتكەكەدا، ئەو كێشەو گرفتانە تاوتوێ بكرێن و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت، وتیشی، بانگهێشتنامەی رەسمییان ئاڕاستەی سەرجەم سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی كردووە بۆ بەشداریكردن لە لوتكەكە لەنێویاندا سەرۆكی سوریا.
هەر لە چاوپێكەوتنەكەدا د.لەتیف رەشید لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی سوریاوە رایگەیاند، سوریا هاوسێیەكی گرنگە بۆ عیراق و رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەدا، بەڵام وەكو عیراق نیگەرانن لە ئاسایشی سەر سنوری نێوانیان و بۆ ئەوەش داوای هەماهەنگی ئەمنی لە سوریا دەكەن.
لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا، سەرۆك كۆماری عیراق سەبارەت بە دانووستانەكانی ئەمریكا و ئێران ئاماژەی بەوەدا، ئومێدەوارن دانوستانەكان سەركەوتوو بن، چونكە شكستهێنانی كاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی ناوچەكە دەبێت، وتیشی، وەكو عیراق پەیوەندییەكی پتەویان لەگەڵ هەریەك لە ئەمریكا و ئێران هەیە.
لە درێژەی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كەناڵی " حەدەس"، د.لەتیف رەشید تیشكی خستەسەر بەشێك لە پرسە مشتومڕ هەڵگرەكانی ناوخۆی عیراق، لەنێویاندا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران، كە بڕیارە رۆژی 11ـی مانگی 11ـی 2025 بەڕێوەبچێت، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار وتی، ئامادەكاری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ هەڵبژاردنەكە دەستیپێكردووە و ئومێدەوارن هەڵبژاردنەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، وتیشی، وەكو ئەركی سەرۆك كۆمار داوا لە هەموو هێزە سیاسییەكانی عیراق دەكات بەشداری هەڵبژاردن بكەن.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر، د.لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر لە ئاستێكی باشدایە و هەردوولا بەردەوام لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، لەوانەش مووچە.
هاوكات، لەبارەی ئاستەنگەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان سەرۆك كۆمار روونیكردەوە، هۆكاری تەكنیكی لەپشت دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستانەوەیە، جەختیشیكردەوە، لە پێویستی یاسای نەوت و گاز بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییە داراییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر و لەهەمان كاتدا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان.
لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەشدا، سەرۆك كۆماری عیراق دڵنیایی دایە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە، كە رێگەنادەن هیچ گروپێكی چەكداری خاكی عیراق بەكاربهێنێت بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.