میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە، بەهۆی نوقوومبوونی دوو بەلەمی گەشتیارییەوە لە چین، نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 75 كەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاژانسی شینخوای چینی رایگەیاند، دوو بەلەمی گەشتیاریی کە 84 گەشتیار و تیمی بەلەمەکەی لەسەر بووە، لە رووبارێکی ناوچەی تشینشی سەر بە گویتشو نوقومبوون و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستداوە و 75ی دیکەش بریندار بوون.

ئەوەش هاتووە، 70 گەشتیاریان گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، کە بەشێکیان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەکە، هێشتا یەکێک لە گەشتیارەکان بێسەروشوێنە و تیمەکان سەرقاڵی گەڕانن بە دوایدا.

لەبارەی رووداوەکەشەوە شی جینبینگ سەرۆکی چین رایگەیاندووە، ئەوەی پێویست بکات دەیکەن بۆ ئەوەی بە زووترین گەشتیارە بێسەروشوێنەکە بدۆزرێتەوە و باشترین چارەسەریش پێشکەشی بریندارەکان بکرێت، هەروەها جەختیشی کردووەتەوە لە دووبارە پێداچوونەوە بە رێکارە ئەمنییەکانی بەلەمی گەشتیاران و سەرجەم گۆمەڵگە گەشتیارییەکان.

بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی "تۆڕی نێودەوڵەتی تەلەفزیۆنی چین" لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەو دوو بەلەمە گەشتیارییە زیاتر لە توانای خۆیان گەشتیاریان سەرخستووە، بەوهۆیەشەوە روداوەکە رویداوە.

ئەم رووداوە نزیكەی دوو مانگ، لە دوای رووداوێكی هاوشێوە دێت لە ناوەندی پارێزگای هونان كە بەهۆیەوە 11 كەس گیانیان لەدەستدا.