موشەکێک لە فڕۆکەخانەی تەل ئەبیب کەوتە خوارەوە و سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، موشەکەکە لە یەمەنەوە هەڵدراوە.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، موشەکێک لە ناوەڕاستی ئیسرائیل و لە فڕۆکەخانەی بون گۆریۆنی تەل ئەبیب کەوتە خوارەوە، کە موشەکەکە لە یەمەنەوە هەڵدراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵی رێگریکردن لە کەوتنە خوارەوەی موشەکەکەیان داوە، بەڵام لە کۆتاییدا لە فڕۆکەخانە کەوتووەتە خوارەوە.

لەئێستادا بەهۆی موشەکەکەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بۆماوەیەکی کاتی راگیراوە و زەنگی ئاگادارکردنەوەش لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئیسرائیلدا لێدەدرێت.

بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، کەوتنەخوارەوەی موشەکەکە زیانی گیانی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، بەڵام زیانی بەو شوێنە گەیاندووە کە لێی کەوتووەتە خوارەوە و دوکەڵێکی رەش ئاسمانی فڕۆکەخانەکەی داپۆشیەوە.